سەرۆک بارزانی: بە هەموو شێوەیەک پشتیوانیی لە سەرکەوتنی پرۆسەی ئاشتیی لە تورکیا دەکەین

سەرۆک بارزانی لە پەیامێکیدا ڕایگەیاندووە، جێگەی خۆشحاڵیە لە پرۆسەی چارەسەری ئاشتییانە لە تورکیا، لایەنەکان هەڵوێستی باشیان هەبووە.

دووشەممە، 12ـی ئایاری 2025، بارەگای بارزانی پەیامی سەرۆک بارزانی لەسەر خۆهەڵوەشاندنەوەی پەکەکە بڵاو کردەوە کە تێیدا هاتووە، "جێگەی خۆشحاڵیە لە پرۆسەی چارەسەری ئاشتییانە لە تورکیا لایەنەکان هەڵوێستی باشیان هەبوو و هەنگاوی ئەرێنی بە ئاراستەی چارەسەری ئاشتییانە نرا."

سەرۆک بارزانی لەپەیامەکەیدا ئاماژەی بەوەش کردووە "پەکەکە کۆنگرەی خۆی بەست و کۆمەڵێک بڕیاری دەرکرد. ئێمە هیوادارین ئەو پرۆسەیە بگاتە ئەنجامێکی باش و لە بەرژەوەندی و خێری ناوچەکە و هەموو لایەک بێت."

سەرۆک بارزانی لەکۆتایی پەیامەکەدا جەختی کردەوە "بە هەموو شێوەیەک پشتیوانیی لە سەرکەوتنی ئەو پرۆسەیە دەکەین."

دووشەممە، 12-05-2025، پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) لە ڕاگەیەنراوێکدا، ئەنجامی 12ـەمین کۆنگرەی خۆی ڕاگەیاند کە لە نێوان 5 بۆ 7ـی ئەم مانگە، لە ژێر ڕۆشنایی بانگەوازی عەبدوڵلا ئۆجەلان، ڕێبەری زیندانیکراوی پەکەکە، بەڕێوە چوو. 

پەکەکە، لە ڕاگەیەنراوەکەیدا باسی لەوە کردووە "خەباتی پەکەکە سیاسەتی نکۆڵی و وێرانکاری لە دژی گەلەکەمان نەهێشتووە، پرسی کورد لە ڕێگەی سیاسەتی دیموکراسییەوە گەیاندووەتە خاڵی چارەسەرکردن و لەم ڕووەوە پەکەکە ئەرکی مێژوویی خۆی تەواو کردووە. لەسەر ئەم بنەمایە کۆنگرەی 12ـەمینی پەکەکە بەمەبەستی جێبەجێکردن و بەڕێوەبردنی پڕۆسەی پراکتیکی لە ژێر سەرکردایەتیی ڕێبەر ئاپۆ (عەبدوڵلا ئۆجەلان)، بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی هەیکەلی ڕێکخراوەیی پەکەکە و کۆتاییهێنان بە شێوازی خەباتی چەکداری دا، هەروەها کۆتایی بەو چالاکییانە هێنا کە بەناوی پەکەکەوە دەکرێن."

 پەکەکە ئاماژەی بەوەش کردووە "کۆنگرەکەمان سەرەڕای بەردەوامیی شەڕ و هێرشی ئاسمانی و زەمینی بەردەوام و لە هەلومەرجی سەختدا، بە سەرکەوتوویی بەڕێوە چوو. کۆنگرەکە، لە یەک کاتدا لە دوو ناوچەی جیاواز بە هۆکاری ئەمنی بەسترا. بە کۆی گشتی 232 نوێنەر تێیدا بەشدار بوون."

هاوکات، بڕیارە ئەمڕۆ دووشەممە، 12-05-2025، کابینەی حکوومەتی تورکیا بە سەرۆکایەتیی ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆمار کۆ ببێتەوە و لە کۆبوونەوەکەدا، پرۆسەی نوێی ئاشتی و قۆناغی دوای 12ـەمین کۆنگرەی پەکەکە تاوتوێ بکات.