ئەڵمانیا پێشوازیی لە بڕیاری خۆهەڵوەشاندنەوەی پەکەکە دەکات

وەزارەتی دەرەوەی ئەڵمانیا ئاماژە بەوە دەکات، بڕیاری خۆهەڵوەشاندنەوەی پەکەکە هەنگاوێکی گرنگە.

ئەمڕۆ دووشەممە 12ـی ئایاری 2025، وەزارەتی دەرەوەی ئەڵمانیا، لە بەیاننامەیەکدا ئاماژەی بەوە کرد، بڕیاری خۆ هەڵشاندنەوەی پەکەکە، هەنگاوێکی گرنگە، دەڵێت: چارەسەریی هەمیشەیی پێویستی بە پرۆسەیەکی سیاسییە.

وەزارەتی دەرەوەی ئەڵمانیا تیشکی خستووەتە سەر ئەوەی، بڕیارەکەی پەکەکە، هەنگاوێکە بۆ کۆتاییهێنان بە توندوتیژی.

ئەو بەیاننامەیەی وەزارەتی دەرەوەی ئەڵمانیا لە کاتێکدایە، ئەمڕۆ دووشەممە، 12-05-2025، پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) لە ڕاگەیەنراوێکدا ئەنجامی 12ـەمین کۆنگرەی خۆی ڕاگەیاند کە لە نێوان 5 بۆ 7ـی ئەم مانگە، لە ژێر ڕۆشنایی بانگەوازی عەبدوڵلا ئۆجەلان، ڕێبەری زیندانیکراوی پەکەکە، بەڕێوە چوو، بە شێوەیەکی فەرمی هەڵوەشاندنەوەی خۆی و چەکدانانی ڕاگەیاند و کۆتایی بە شەڕی چەکداریی لەگەڵ تورکیا هێنا.

هەر ئەمڕۆ، سەڵاحەددین دەمیرتاش، هاوسەرۆکی پێشووی پارتی دیموکراتی گەلان(هەدەپە)، ڕایگەیاند: کاتی ئەوە هاتووە هەمووان پێکەوە دڵسۆزانە کار بکەین بۆ بەدیهێنانی ئاشتی و دیموکراسی، گوتیشی: پەکەکە بڕیارێکی مێژوویی دا و پێشوازیی لە دەستپێشخەرییەکەی دەکەین.