مستەفا ئۆزچەلیک: پشتیوانی لە بڕیارەکەی پەکەکە دەکەین

مستەفا ئۆزچەلیک، سەرۆکی پارتی وڵاتپارێزانی کوردستان دەڵێت: پشتیوانی لە بڕیارەکەی پەکەکە دەکەین و ئاماژە بەوە دەکات، لەم قۆناغەدا، خەباتی چەکداریی هیچ ئەنجامێکی نابێت.

ئۆزچەلیک گوتی: پرسی کورد بە پەکەکەوە گرێ نەدراوە، دەشڵێت: پێویستە زیندانییەکانیان ئازاد بکرێن.

تیشکی خستە سەر ئەوەی، میللەتی کورد مافی ژیان و ئازادیی هەیە، زمانی هەیە، مافی خۆبەڕێوەبردنی هەیە.

چەندی زووتر ئاڵۆزییەکان کۆتایی بێت، گرنگە، ئەو چەکەکەی بە دەستی پەکەکەوە بوو، سوودێکی بۆ کورد نەبوو، بەڵکو زیانی هەبوو، داوای کرد کوردانی هەر چوار پارچەی کوردستان یەک بگرن، بەیەکەوە داوای مافە ڕەواکانیان و ئازادکردنی زیندانەکانیان بکەن.

ئەمڕۆ دووشەممە، 12-05-2025، پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) لە ڕاگەیەنراوێکدا ئەنجامی 12ـەمین کۆنگرەی خۆی ڕاگەیاند کە لە نێوان 5 بۆ 7ـی ئەم مانگە، لە ژێر ڕۆشنایی بانگەوازی عەبدوڵلا ئۆجەلان، ڕێبەری زیندانیکراوی پەکەکە، بەڕێوە چوو، بە شێوەیەکی فەرمی هەڵوەشاندنەوەی خۆی و چەکدانانی ڕاگەیاند و کۆتایی بە شەڕی چەکداریی لەگەڵ تورکیا هێنا.