میدیاکانی جیهان شرۆڤەی جیاواز بۆ خۆهەڵوەشاندنەوەی پەکەکە دەکەن
کۆنگرەی 12 و بڕیاری خۆهەڵوەشاندنەوەی پەکەکە لەسەر ئاستی میدیا جیهانییەکان کاردانەوە لێ کەوتووەتەوە و بەشێوازی جیاواز شرۆڤە بۆ بڕیارەکەی پەکەکە دەکەن.
خۆهەڵوەشاندنەوەی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) لە دوای چوار دەیە لە شەڕی چەکداریی دژی تورکیا، مقۆمقۆیەکی فراوانی لەناو میدیای جیهانیدا دروست کردووە. کۆنگرەی 12ـەمینی لێکدانەوەی جیاوازی بۆ دەکرێت، هەندێک بە دەرفەتی گەورە ناوی دەبەن، هەندێکیش ڕازیبوونی پەکەکە بە داواکارییەکانی تورکیا لێکی دەدەنەوە.
تۆڕی هەواڵی 'بی بی سی' نووسیویەتی "تورکیا و پەکەکە هەردوولایان هۆی خۆیان هەبوو بۆ ئەم ڕێککەوتنە. هەروەها بڕیاری پەکەکە بۆ خۆهەڵوەشاندنەوە یەکێکە لە هەنگاوە گەورەکانی بە دیموکراتیزەکردنی تورکیا، هەرچەندە دیار نییە لە بەرامبەر ئەمە، تورکیا چی بۆ ئۆجەلان دەکات."
لەلایەکی دیکەوە، گۆڤاری 'زە ویک' ئاماژەی بۆ ئەوە کردووە، لە تورکیا دۆخێکی مێژوویی هاتووەتە کایەوە، دەرفەتێک خۆی دەرخستووە بۆ چارەکردنی کێشەی کورد بە ئاشتییانە و کۆتایهێنان بە توندوتیژی دەیان ساڵە.
لە درێژەی کاردانەوەکاندا، پێگەی 'بزنس ستاندارد'ـی نێودەوڵەتی سەرنجی خستووەتە سەر ئەوەی، تورکیا و پەکەکە بەرەو دەستپێشخەرییەک هەنگاویان ناوە کە دەبێتە هۆی وەستانی ئەو کوشتارەی لەسەرەتای هەشتاکانەوە دەستی پێ کردووە.
هەروەها 'لامۆند'ـی فەرەنیش لای خۆیەوە لە ڕاپۆرتێکدا دەرباری خۆهەڵوەشاندنەوەی پەکەکە باسی لەوە کردووە "هەرچەندە پەکەکە خۆی هەڵوەشاندووەتەوە، بەڵام کاری زۆر ماوە لە تورکیا بکرێت بۆ چارەکردنی کێشەی کورد. ئەوەی گرنگە سەبارەت بە دەستپێشخەرییەکی ئەمجارە، سەرکردە نەتەوەپەرستەکان بانگەشەی بۆ دەکەن."
لە درێژەی کاردانەوەکاندا، ڕۆژنامەی 'واشنتن پۆست' سەرنجی خستووەتە سەر ئەوەی "هەڵوەشاندنەوەی پەکەکە هەنگاوی یەکەمە، زۆر بابەت ماوە دەبێت چارە بکرێن، بەڵام ڕەجەب تەیب ئەردۆغان بەم هەنگاوە، ڕەنگە پشتیوانیی سیاسیی کوردەکان لە هەڵبژاردنی 2028 مسۆگەر بکات."
تۆڕی 'دی دەبلیو'ـی ئەڵمانیش لەسەر ئەم پرسە ئاماژەی بۆ ئەوە کردووە "ڕەنگە خۆهەڵوەشاندنەوەی پەکەکە دەرگا لەسەر بۆمبارانی گوندەکان و ئاوارەکردنی دانیشتووانەکەی دابخات و ئەوانیش پشوویەک بدەن."