سەرۆک بارزانی: ئەگەر دۆزی گەلان لە هەندێ وێستگەدا تووشی وەستانیش ببن، هەرگیز كۆتایی نایەن

سێشەممە 13ی ئایاری 2025، لە سەلاحەددین سەرۆك مەسعود بارزانی، پێشوازیی لە باڵیۆز ماهر ئەلكەركی، كونسوڵی گشتیی نوێی فەڵەستین لە هەولێر كرد.

بارەگای بارزانی لە ڕاگەیەنراوێکدا ئەوەی خستووەتە ڕوو "لە دیدارەكەدا، كونسوڵی گشتیی فەڵەستین وێڕای ئاماژەدان بە پەیوەندییە مێژووییەكانی نێوان گەلی كوردستان و گەلی فەڵەستین، سڵاوی مەحموود عەباس، سەرۆكی فەڵەستین و سەركردایەتی و گەلی فەڵەستینی بە سەرۆك بارزانی گەیاند و جەختیشی لە بایەخی بەردەوامی و پەرەپێدانی پەیوەندی و دۆستایەتیی نێوان هەردوولا كردەوە."

ئاماژە بەوەش کراوە "هەر لەو دیدارەدا، سەرۆك بارزانی ڕۆشنایی خستەسەر پەیوەندییەكانی نێوان گەلی كوردستان و گەلی فەڵەستین لە قۆناغە جیاجیاكانی خەباتی ڕەوای گەلی فەڵەستین هەر لە سەردەمی سەرۆك یاسر عەرەفات هەتا سەرۆك مەحمود عەباس" و جەختیشی لەوە كردەوە "دۆزی گەلان ئەگەر لە هەندێ وێستگەشدا تووشی نوشست یان وەستان ببن، بەڵام هەرگیز كۆتایی نایەن، هیواشی خواست كە كۆتایی بە ئەو كارەسات و نەهامەتیانە بێت كەبەسەر گەلی فەڵەستیندا هاتووە و دۆزی ڕەوای گەلی فەڵەستین بە ئاشتی و چارەسەرێكی ڕەوا و هەمیشەیی بگات."