بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی دهۆک: تووشبووانی شێرپەنجە پێویست ناکات بۆ چارەسەر بچنە شارەکانی دیکە

بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی دهۆک ڕایگەیاند، لە چەند ساڵی داهاتوودا ژمارەیەک پرۆژەی تایبەت بە چارەسەرکردنی شێرپەنجە دەکرێنەوە، هاوکات لەگەڵ تەواو بوونی ئەو پرۆژانە تووشبووانی شێرپەنجە پێویست ناکات بۆ چارەسەر، سەردانی شارەکانی دیکە بکەن.

سێشەممە 13ـی ئایاری 2025، لە ڕێوڕەسمێکدا، نەخۆشخانەی 'ئومێد' بۆ چارەکردنی نەخۆشیی شێرپەنجە و سەنتەری چارەسەری و چاندنی گورچیلە، لە دهۆک کرانەوە. د. سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستی، د. عەلی تەتەر، پارێزگاری دهۆک؛ د. ئەفراسیاب مووسا، بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی دهۆک؛ تۆمماسۆ سانسۆنی، کونسوڵی گشتیی ئیتاڵیا لە هەولێر و دکتۆر جەمیلە، نوێنەری ڕێکخراوی تەندروستیی جیهانی (WHO)  لە ڕێوڕەسمەکەدا ئامادەبوون. د. ئەفراسیاب مووسا، بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی دهۆک لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، یەکێک لەو چوار پرۆژانەی کە ئەمڕۆ دەیانکەینەوە، نوژەنکردنەوەی  نەخۆشخانەی فریاکەوتنی پێشووی پارێزگای دهۆکە کە پێکهاتووە لە 160 قەرەوێلە، ژووری نەشتەرگەری و بەشی تیشک و تاقیگە بەشێوەییەک کە خزمەتی هەموو نەخۆشەکان بکات. 

بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی دهۆک ئاماژەشی دا، پرۆژەی نوژەنکردنەوەی نەخۆشخانەی فریاکەوتنی دهۆک بە گوژمەی زیاتر لە دوو ملیۆن دۆلار بووە کە بە هەماهەنگی ڕێکخراوی تەندروستیی جیهانی (WHO) و حکوومەتی هەرێمی کوردستان پێشکەش کراوە و لەلایەن ڕێکخراوی AISPOـی ئیتالی جێبەجێ کراوە.

باسی لەوەش کرد، پرۆژەی دووەم، تایبەتە بە سەنتەری چارەسەرکردنی شێرپەنجە کە مەسرور بارزانی، سەرۆک وەزیرانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ساڵی ڕابردوو بەردی بناغەی بۆ داناوە و پرۆژەکە ئێستا لە واری جێبەجێ کردندایە.

گوتیشی: پرۆژەی سێیەم و چوارەم، پێکهاتوون لە دروستکردنی سەنتەری چاندنی گورچیلە و فراوانکردنی نەخۆشخانەی هێڤی بۆ چارەسەرکردنی شێرپەنجەی منداڵانە. 

ئەفراسیاب مووسا، ئاماژەشی دا، بە تەواوبوونی ئەو پرۆژانە، هاووڵاتییانی دهۆک پێوسیت ناکات بۆ چارەسەری شێرپەنجە سەردانی پارێزگاکانی دیکەی هەرێمی کوردستان و دەرەوەی وڵات بکەن.