جیاوازییەکی زانستی لەبارەی بەستنی دەمامک بۆ رووبەڕووبوونەوەی کۆرۆنا

زاناکان هێشتا هەموو راستییەکان لەبارەی کۆرۆناوە نازانن


K24 - هەولێر

سەرەڕای ئەوەی زۆربەی وڵاتانی جیهان سنوورەکانیان بەڕووی هاووڵاتییانی وڵاتانی دیکە داخستووە بۆ ئەوەی رێگری لە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا بکەن، بەڵام زاناکان لە سەرانسەری جیهان بەشێوەیەک هاوکاریی یەکدی دەکەن کە پێشینەی نەبووە، لەگەڵ ئەوەشدا لە بابەتی بەستنی دەمامک، جیاوازیی گەورەیان لەنێواندا هەیە.

ڤایرۆسی کۆرۆنا (SARS-COV-2) نوێیە، بۆیە زاناکان هێشتا هەموو راستییەکانی لەبارەوە نازانن، بەو هۆیەوە رەنگە ناچاربین لەگەڵ ئاشکرابوونی زانیاری نوێ لەبارەی ڤایرۆسەکە، شێوازی رووبەڕووبوونەوەی بگۆڕین.

ئەو بابەتەی بەشێکی زانایان لەسەری ناکۆکن، بەستنی دەمامکە بۆ رووبەڕووبوونەوەی کۆرۆنا:

ڤایرۆسی کۆرۆنا لەڕێگەی کۆخە، پژمین و تەنانەت قسەکردنیش دەردەچێت، بۆیە هەندێک وڵات بەستنی دەمامکیان کردووەتە ناچاری لەپێناو رێگەگرتن لە تەشەنەسەندنی زیاتری ڤایرۆسەکە.

مشتومڕێکی زۆر لەنێوان زاناکان لەبارەی بەستنی دەمامک هەبووە، بەشێکی زۆری زانا و شارەزایان دەڵێن ئەگەر هەمووان یان خەڵکێکی زۆر دەمامک ببەستن، ئەوە دەبێتە رێگرییەکی باش لە بڵاوبوونەوەی پەتاکە، لەو شوێنانەی کە خەڵک ناتوانن لەیەکدییەوە دووربن و ناچارن لە نزیک یەکدی بن.

بەڵام بەهۆی ئەوەی زانست شتێکی ئاڵۆزە، لێکۆڵینەوەیەکی دیکەی بچووک کراوە و ئەنجامی دیکە دەدات، بەپێی ئەنجامی لێکۆڵینەوەکە: دەمامک نابێتە رێگر لەبەردەم هەڵمژینی بەشی بچووکی ڤایرۆسی کۆرۆنا کە لە هەوا بڵاوبوونەتەوە و دەکرێت ببێتە هۆی تووشبوون بە پەتاکە.

هەروەها لێکۆڵینەوەیەکی دیکە دەریخستووە: بەستنی دەمامک هەستێکی ساختە بە ئەمنییەت دەدات، بۆیە ئەو کەسەی دەمامکی بەستووە، ئەگەری هەیە رێکارەکانی دیکەی خۆپارێزی لە کۆرۆنا پشتگوێ بخات، هەروەها ئەو هەوایەی کە دەیدەیەوە، بە چاو دەکەوێت و وات لێدەکات دەست لە چاوت بدەی، رەنگە دەستیشت پیس بووبێت بە ڤایرۆسەکە، بەمەش لەڕێگەی چاوەوە تووشی کۆرۆنا ببی.

لەڕاستیدا رێکخراوی تەندروستیی جیهانی (WHO)، هۆشداری دەدات لەوەی رەنگە دەمامک ئەنجامی پێچەوانە بدات، ئەگەر ئەوکەسەی دەیبەستێت، رێکاری دیکەی خۆپارێزی لە کۆرۆنا پەیڕەو نەکات. بۆیە بەشێکی زانایان داوا دەکەن بەڵگەی زیاتر بخرینەڕوو بۆ سەلماندنی کاریگەریی دەمامک.

لە هەمان کاتدا بەشێکی دیکەی زانایان دەڵێن سەرەڕای نەبوونی بەڵگەی تەواو، بەڵام بۆ ئەوەی لە لایەنەی پارێزراو بین، باشترە دەمامک ببەستین.

 

سەرچاوە: RT

Fly Erbil Advertisment