سلێمانی.. بەهۆی خۆڵبارینەوە ژمارەیەک هاووڵاتی سەردانی نەخۆشخانەکانیان کرد
گوتەبێژی تەندروستیی سلێمانی ڕایگەیاند، بەهۆی ئەو خۆڵبارینەی ڕووی لە سلێمانی کردووە 12 هاووڵاتیی سەردانی نەخۆشخانەکانیان کردووە.
ئەمڕۆ چوارشەممە، 14ـی ئایاری 2025، لە ڕاگەیەندراوێکدا سامان شێخ لەتیف، گوتەبێژی تەندروستیی سلێمانی، ڕایگەیاند "بەهۆی کاریگەری شەپۆلی خۆڵبارین کە ڕووی لەشاری سلێمانی کردووە، لەسەرەتای دەستپێکردنی کاریگەری خۆڵبارینەکەوە تا کاتژمێر 9ـی ئەمڕۆ چوارشەممە، 12 هاووڵاتی سەردانی نەخۆشخانەکانیان کردووە، بە مەبەستی وەرگرتنی چارەسەر.
ڕاشیگەیاند "دوای ئەنجامدانی ڕێکارە تەندروستییەکان بەشێک لەو هاوڵاتییانە باری تەندروستیان باش بووەتەوە و گەڕێنراونەتە ماڵەوە."
هەروەها دوێنی ئێوارەش بەهۆی خۆڵبارینەوە، 48 کەس ڕەوانەی نەخۆشخانەکانی کەرکووک کران.
سامان سەلمان، بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی هەولێریش ڕایگەیاند "بەهۆی هەناسە تەنگی 41 هاووڵاتی سەردانی هەر چوار فریاکەوتنی "ڕۆژئاوای هەولێر ، بەشی فریاکەتنی نەخۆشخانەی ڕزگاری ، .بەشی فریاکەوتنی نەخۆشخانەی هەریر ، فریاکەوتنی سارڕێژ سنوری تەندروستی خەبات، نەخۆشخانەی گشتی شقڵاوەی فێرکاری" کردووە. دوای چارەسەری پێویست، ڕێنمایی خۆپاپێزی لەلایەن پزیشکی ئێشکگر کراون و ڕەوانەی ماڵەوەکراون .
لای خۆیەوە دەستەی كەشناسی عێراق بڵاویكردبۆوە، لە ئەنجامی کاریگەریی نزمەپاڵەپەستۆی جەمسەری باکوور و ئەو ھەوایەی لە دەریای ناوەڕاست ھەڵیکردووە، خۆڵبارینێکی چڕ لە پارێزگای ئەنبار و ناوچەکانی دیكەی ڕۆژئاوای عێراق دروست بووە و هەرێمی کوردستانیشی دەگرێتەوە.
پێشبینیش دەكرێت كاریگەری ئەو نزمەپاڵەپەستۆیەی جەمسەری باکوور، بۆ كۆتایی ئەم ھەفتەیە زیاتر بێت و تاوەباران چەند ناوچەیەكی ھەرێمی كوردستان بگرێتەوە.