نرخی زێڕ زیاتر دابەزی
نرخی زێڕ لە بازاڕەكانی كوردستان
K24 - ھەولێر
نرخی زێڕ لەمیانی مامەڵەکانی ئەمڕۆ سێشەممەدا بە خێرایی دابەزی، بە تایبەت دوای ئەوەی بەهای دۆلار و بەرامبەر بە سەبەتەی شەش دراوە سەرەکییەکە بەرزبووەوە.
نرخی زێڕ لە مامەڵە خێراکاندا بە رێژەی 2.09% نزیکەی 42 دۆلاری لە دەستدا و بۆ ئاستی 1984.74 دۆلار دابەزی.
هەروەها لە گرێبەستەکانی داهاتوودا بۆ مانگی کانوونی یەکەم بە رێژەی 2.03% نزیکەی 41.40 دۆلاری لە دەستدا و بۆ 1998.30 دابەزی.
لە بازاڕەکانی هەرێمی کوردستانیش نرخی مسقاڵێک زێڕی عەیار 21 لە 360 هەزار دیناری هەفتەی رابردوو، ئەمڕۆ بۆ 345 هەزار دینار دابەزی و عەیار 24 بوو بە 395 ھەزار و عەیار 18 بۆ 295 ھەزار دابەزی.
بەوەش دوای ئەوەی ئەو کانزا زەردە بەرزترین ئاستەکانی تێپەڕاندوو بۆ سەرووی 2075 دۆلار بەرزبووەوە، بەڵام ئەمڕۆ جارێکی دیکە بۆ ژێر ئاستی 2000 دۆلار بۆ هەر ئۆنسەیەک دابەزیەوە.
لە بەرامبەردا، بەهۆی گەشبینییەکان بە دابینکردنی پاکێجێکی دیکەی پاڵپشتی و بەرزبووەنەوە قازانجی قەواڵەکانی گەنجینەی ئەمەریکا، دۆلار توانی پارێزگاری لە بەهاکەی بکات.