پێشەوا هەورامانی: هەموو لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان پاڵپشتیی پرۆژەی ڕووناکی دەکەن
گوتەبێژی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، دەڵێت: بۆ سەرکەوتنی پرۆژەی ڕووناکی و ڕاهاتنی هاووڵاتییان لەگەڵ نرخەکان، حکوومەت بۆ ماوەی سێ مانگ پاڵپشتیی پرۆژەکە دەکات. هەروەها زۆینەی هاوبەشانی پرۆژەی ڕووناکی لە نرخەکانی کارەبای 24 کاتژمێری ڕازین.
چوارشەممە 14ـی ئایاری 2025، پێشەوا هەورامانی، گوتەبێژی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لەمیانی بەشداریی لە گەشتی هەواڵی کاتژمێر 8ـی کوردستان24ـدا، گوتی: پرۆژەی ڕووناکی، یەکێکە لە پرۆژە گرنگ، نیشتمانی و ستراتیجییەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان.
گوتەبێژی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، ئاماژەی بەوە کرد، پرۆژەی ڕووناکی لە بەرژەوەندیی هاووڵاتییانە، بەڵام دەبێت هاووڵاتییان لەوە ڕابێن کە زیادەڕەویی لە بەکارهێنانی کارەبا نەکەن.
لەبارەی نرخی کارەبای 24 کاتژمێری، پێشەوا هەورامانی، دەڵێت: زۆرینەی هاوبەشانی پرۆژەی ڕووناکی لە نرخەکەی ڕازین و ڕەخنەیان لێی نییە، حکوومەتیش بۆ ماوەی سێ مانگ پاڵپشتی پرۆژەکە دەکات بۆ ئەوەی هاووڵاتییان لەگەڵ نرخەکەی ڕابێن.
هەورامانی ڕوونی کردەوە، لە مانگی یەکەم؛ 50% داشکاندن بۆ هاوبەشان دەکات، لە مانگی دووەمدا 25%، و لە مانگی سێیەم 15% داشکاندن دەدات، ئەمەش وا دەکات هاووڵاتییان لە ماوەی ئەو سێ مانگەدا لەگەڵ ئەو کارەبایە ڕابێن و بە گوێرەی پێویستی بەکاری بهێنن و زیادەڕەوی لە بەکارهێنانی نەکەن.
ئەوەشی ئاشکرا کرد، حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بە تەواوی پێکهاتەکانییەوە لەگەڵ پرۆژەی ڕووناکین و پاڵپشتیی لێ دەکەن.
لەبارەی سەردانی سەرۆک حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ ئەمەریکا، گوتەبێژی حکوومەتی هەرێم، ڕایگەیاند: جەنابیان بە سەردانێکی فەرمی دەچێتە ئەمەریکا و کۆمەڵێک کۆبوونەوەی گرنگی دەبێت.
سەبارەت بە شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان، پێشەوا هەورامانی، ئاماژەی بەوە کرد، حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە بەرانبەر حکوومەتی فیدراڵ هەموو پابەندییەکانی خۆی جێبەجێ کردووە، هیچ بیانوویەکی بۆ نەهێشتوونەتەوە، بەڵام عێراق هەر جارە و بە بیانووی جیاواز ناردنی پارەی مووچە بۆ هەرێم دوا دەخات.
هاوکات دەشڵێت: بەغدا پابەندیی ڕێککەوتنەکان نەبووە و مامەڵەیەکی دروست لەگەڵ هەرێمی کوردستان ناکات، لە ماوەی ساڵانی 2023، 2024 و 2025 یەک ملیۆن کەس لە عێراق لە پرۆسەی دامەزراندن سوودمەند بوونە، بەڵام لەو دامەزراندنەدا یەک کەسی تێدا نییە کە لەسەر پشکی هەرێم بێت.
گوتیشی: تا ئیستا بەغدا هۆی دواکەوتنی مووچەی مانگی چواری بۆ هەرێمی کوردستان ئاشکرا نەکردووە، کێشەمان لە ڕادەستکردنی تەواوی داهاتی ناوخۆ بە بەغدا نییە، بەڵام ئەگەر ئەو کارەش بکەین، بەغدا هیچ گەرەنتییەک نادات بۆ ئەوەی بودجەی هەرێمی کوردستان بە تەواویی و بێکێشە بنێرێت.
لەبارەی پرۆسەی ئاشتی و خۆهەڵوەشاندنەوەی ڕێکخراوی پەکەکە، گوتەبێژی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، ڕایگەیاند: هەرێمەکە لە پرۆسەکەدا ڕۆڵێکی گەورەی هەبووە و چەند ساڵێکە کاری لەسەر دەکات.