ئابووری رووسیا داكەوتن تۆماردەكات
بانكی ناوەندی رووسیا ناچاربوو نرخی سوود بۆ ئاستی پێوانەیی دابەزێنێت
K24 - ھەولێر
بەھۆی كۆرۆناوە، ئابووری رووسیا لە چارەكی دووەمی ئەمساڵ داكەوتن تۆماردەكات.
بەگوێرەی دەستەی ئامارەكانی یەكێتی رووسیا (روستات) ئابووری رووسیا لە چارەكی دووەمی ئەمساڵ داكەوتنێكی بەرێژەی 8.5% تۆماركرد لەسەر بنەمای ساڵانە، بەو پێییەی كە لە ئەنجامی كۆرۆنا و رێوشوێنەكانی قەدەغەی گشتی و ھەروەھا دابەزینی نرخی نەوت، زیانی زۆری پێگەیشتووە .
ھەر لەگەڵ تەشەنەسەندنی ڤایرۆسی كۆرۆنا، ئابووری رووسیا دەستی بە راگرتنی زۆربەی چالاكی كۆمپانیاكانی كرد و لە ئەنجامیشدا بانكی ناوەندی رووسیا ناچاربوو نرخی سوود بۆ ئاستی پێوانەیی دابەزێنێت.
ئابووری رووسیا لە چارەكی یەكەمی ساڵ تەنیا بەرێژەی 1.6% گەشەی كردووە و كەرتی كشتووكاڵی تەنیا كەرت بوو كە لە چارەكی دووەمدا گەشەی تۆماركردووە و بەگوێرەی بانكی ناوەندی رووسیا پێشبینی دەكرێت ئەمساڵ ئابووری وڵاتەكە بەرێژەی 4.5% و 5.5% داكەوێت.