واشنتن گەورەترین کۆمەڵگەی ژێریی دەستکرد لە ئیمارات دروست دەکات

وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا ڕایگەیاند: پلانی دروستکردنی کۆمەڵگەیەکی هاوبەشی ئیماراتی-ئەمەریکی بۆ ژیریی دەستکرد بەتوانای 5 گێگاوات لە ئەبوزەبی   لە ئاهەنگێکدا کە لەکۆشکی نیشتمانی بە ئامادەبوونی شێخ محەمەد بن زاید ئال نەهیان سەرۆکی ئیماراتی یەکگرتووی عەرەبی و دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا ڕاگەیەندرا.

وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند: ئەو کۆمەڵگە نوێیەی ژیریی دەستکرد، گەورەترین کۆمەڵگەیە تا ئێستا لە دەرەوەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا دروست بکرێت کە کۆمپانیا گەورەکانی بواری تەکنەلۆجیای ئەمەریکا لێی کۆدەبنەوە، بۆ پێشکەشکردنی خزمەتگوزاریی توانا تەکنەلۆجییەکان بە ناوچەکانی باشووری جیهان.

کۆمەڵگەی ئیماراتی-ئەمەریکی ژیریی دەستکرد بە توانای 5 گێگاوات کە دەبێتە ناوەندێكی کۆکردنەوەی داتاکان، لە ئەبوزەبی دروست دەکرێت، وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا ئاماژە بەوە دەکات، کۆمپانیا گەورەکانی تەکنەلۆجیای ئەمریکا دەتوانن خزمەتگوزاریی پێشکەش بە نزیکەی نیوەی دانیشتوانی جیهان بکەن.

دوای تەوابوونی پرۆژەکە، کۆمەڵگەکە پشت بە وزەی ئەتۆمی و خۆر و غاز دەبەستێت بۆ کەمکردنەوەی دەردانی غازی دوانەئۆکسیدی کاربۆن، بەشێکیشی دیاریی دەکرێت بە گەشەپێدانی تواناکانی ژیریی دەستکرد.

کۆمەڵگەکە لەسەر ڕووبەری 10 میل چوارگۆشە لەلایەن کۆمپانیای G42 بە هاوکاری چەند کۆمپانیایەکی ئەمەریکی دروست دەکرێت. 

پرۆژەکە لەچوارچێوەی هاوبەشیی کردنی نوێی نێوان حکوومەتەکانی ئیمارات و ئەمەریکایە لەبواری ژیریی دەستکرد و هەماهەنگییان لەو بوارەدا.

ئیمارات دووپاتی کردەوە، پارێزگاریی لە تەکنەلۆژیاکانی ژیریی دەستکرد دەکات و ڕێگەنادات بەشێوەیەکی خراپ بەکاربێت، ڕاشیگەیاندووە، ئەمەریکا و ئیمارات بۆ ئەوەش هاوکاریی یەکتر دەکەن.

شێخ تەحنون بن زاید ئال نەهیان، سەرۆکی ئەنجوومەنی ژیریی دەستکرد و تەکنەلۆجییە پێشکەوتووەکان گوتی:  ئەو ڕێککەوتنەی لەنێوان ئەمەریکا و ئیمارات ئیمزا کرا، ڕەنگدانەوەی دەبێت لەسەر هەماهەنگیی زیاتر لەنێوان هەردوو وڵات لەبواری ژیریی دەستکرد، واتای ئەوەش دەگەیەنێت، ئیمارات پابەندە بەوە پێشەنگ بێت لە داهێنان و پێشخستنی پەیوەندییە و هاریکارییە جیهانییەکان لەو بوارەدا، لەگەڵ ئەوەشدا پێگەی ئیمارات بەرزتر دەکات وەک ناوەندێکی پێشەنگ بۆ توێژینەوە و گەشەپێدانی بەردەوام، بۆ خزمەتکردنی هاووڵاتییان.