سوپای عێراق هەڕەشە لە جووتیارانی کورد دەکات
زیاتر لە 300 هەزار دۆنم زەوی کشتوکاڵیی کورد و تورکمان کە لەدەرەوەی پلانی کشتوکاڵیین، بڕیاردراوە بەرهەمەکانیان بە نرخی پاڵپشتیکراوی حکوومەت وەرگرن کە بۆ هەر تۆنێک گەنم بڕی 850 هەزار دینار دیاریکراوە.
لە 25ـی مانگی ڕابردووەوە بڕیاردراوە، گەنم و دانەوێڵەی جووتیاران لە کەرکووک وەربگیرێت، ئەوانەشی لە دەرەوەی پلانی کشتوکاڵیین، بەهەمان شێوە و نرخی پاڵپشتیکراوی حکوومەت وەردەگیرێن.
ڕێبوار تەها، پارێزگاری کەرکووک لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا گوتی: ئەو جووتیارانەی بۆیان نەبوو گەنمەکانیان ڕادەست بکەن و لێیان نەکڕنەوە بە نرخی پاڵپشتیکراوی حکوومەت، کێشەکەمان چارە کرد.
جووتیارانی کورد ڕێگرییان لێدەکرا زەوییەکانیان بچێنن، بەزۆر هەوڵیاندا زەوییەکان تۆو بکەن، چونکە هەمیشە هەڕەشەی سوپا و عەرەبە هاوردەکانیان لەسەر بووە، ئێستاش سوپا ڕێگرە لە دروێنەکردنی بەرهەمەکانیان، بەلای جووتیارانەوە چارەسەر تەنها ئەوەیە، ماددەی 140ـی دەستووری عێراق جێبەجێ بکرێت.
ساتع ناسیح، جووتیارێکی کوردی کەرکووکە و بەکوردستان24ـی گوت: هیچ دەسەڵاتێکمان نییە، ئەوان خاوەن هێز و دەسەڵاتن لەم شارەدا و هێزی سەربازییان هەیە، ئەوەی ئێمە هەمانە تاپۆیەکی ڕەشە و خۆمان بە خاوەنی شەرعی ئەو زەوییانە دەزانین.
نرخی هەر تۆنێک گەنمی پاڵپشتیکراو، حکوومەت بە 850 هەزار دینار لە جووتیارانی وەردەگرێت، بەڵام لەبازاڕی ڕەش نرخەکەی تەنها 450 هەزار دینارە.