ئابووریی بەریتانیا خراپترین داتەپینی لە مێژووی خۆی تۆمارکرد
بەهۆی کاریگەرییەکانی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە مانگی ئازار و نیسان
K24 - هەولێر
بەهۆی کاریگەرییەکانی ڤایرۆسی کۆرۆنا، ئابووریی بەریتانیا داتەپینێکی مێژوویی تۆمارکرد، کە گەیشتە 20.4% لە چارەگی دووەمی ئەمساڵدا.
بەپێی نووسینگەی ئاماری نیشتمانیی بەریتانیا، کە ئەمڕۆ (چوارشەممە، 12-8-2020) ئەم داتایەی بڵاوکردووەتەوە، زۆربەی داتەپینەکە لە مانگی ئازار دەستیپێکردووە و لە مانگی نیسان بەتەواوی روویداوە، ئەمەش لەکاتێکدابوو وڵاتەکە بۆ رووبەڕووبوونەوەی کۆرۆنا، نزیکبوو لەوەی بەتەواوی هەموو شوێنێکی دابخات، بەمەش بەرهەمهێنان بەڕێژەی 20% کەمببووەوە.
بەڵام ئەم ئامارە وەکو خۆی نەماوە، چونکە لەگەڵ دەستپێکردنەوەی چالاکییە ئابوورییەکان، بەرهەمهێنانی ناوخۆیی بەڕێژەی 2.4% لە مانگی ئایار بووژاوەتەوە و لە مانگی حوزەیرانیشدا بووژانەوەکە گەیشتە رێژەی 7 بۆ 8%، ئەمەش بەهۆی کردنەوەی هەموو سێکتەرەکان.
نووسینگەی ئاماری نیشتمانیی بەریتانیا ئاشکرای کرد، ئەمە بەفەرمی گەورەترین داتەپینی ئابوورییە لە مێژووی بەریتانیا کە لەو نووسینگەیە تۆمارکرابێت، لەکاتێکدا ئەو نووسینگەیە لە ساڵی 1955ـەوە ئەو ئامارانە تۆماردەکات.