حكومەتی ھەرێم بەڕێوەبەرایەتی چاودێری گومرگی دەكاتەوە

ھەنگاوێكە بۆ چاكسازی زیاتر و شەفافیەت لە كاری گومرگی دەروازە سنوورییەكان

K24 – ھەولێر

حكومەتی ھەرێمی كوردستان بەڕێوەبەرایەتی چاودێری گومرگی كردەوە، كە ھەنگاوێكە بۆ چاكسازی زیاتر و شەفافیەت لە كاری گومرگیدا لە دەروازە سنوورییەكان.

بەگوێرەی نووسراوێكی فەرمی وەزارەتی دارایی و ئابووری كە واژۆی ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی حكومەتی ھەرێمی كوردستانی بەسەرەوەیە بڕیاردراوە بە كردنەوەی بەڕێوەبەرایەتی چاودێری گومرگی.

ھەر لەو چوارچێوەیەدا و لەدرێژەی پڕۆسەی چاكسازی لە دەروازە سنوورییەكان وەزیری دارایی و ئابووری بڕیاریدا كە شەوانە دوای تەواوبوونی كارە گومرگییەكان دەرگای سەرەكی دەروازە سنوورییەكان بۆ ناو هەرێم تایبەت بە بارڵهەڵگرەكان بخرێتە ئەستۆی بەڕێوەبەرایەتی دەروازەكان تا رۆژی دواتر جوڵەی بازرگانی دەستپێدەكاتەوە، ئەمەش لە پێناو رێگەگرتنە لە دیاردەی قاچاخچیەتی لە دەروازە نێودەوڵەتییەكان.

ئەمە لەكاتێكدایە لە سەرەتایی مانگی تەممووزی ئەمساڵەوە پڕۆژەی چاكسازی لە ھەرێمی كوردستان كەوتووەتە واری جێبەجێكردنەوە و حكومەتی ھەرێمی كوردستان بڕیاریداوە چاكسازی لەسەرجەم سێكتەرەكان بكرێت.