پارتی و یەكێتی دەتوانن رێگری لە بەفیڕۆچوونی دەنگی كورد بكەن

لایەنەكانی كورد بۆ ناوچە كوردستانییەكان لە ھەماھەنگیدان

K24 - هه‌ولێر:

لەگەڵ نزیكبوونەوەی وادەی ئەنجامدانی ھەڵبژاردنی پێشوەختە، باس لەوە دەكرێت كە دەنگی كورد لە ناوچە كوردستانییەكان لە مەترسیدایە و كورد زیانێكی زۆری بەر دەكەوێت. خەسرۆ گۆران بەرپرسی دەزگای ھەڵبژاردنی پارتی رایگه‌یاند، بۆ ئەوەی دەنگی کورد لە ناوچەکانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێم بەفیڕۆ نەچێت، لەگەڵ لایەنە کوردستانییەکان ھەماھەنگی دەکەین. لای خۆیەوە ئارێز عەبدوڵڵا ئەندامی سەرکردایەتی یەکێتی بە پێویستی دەزانێت، لایەنە کوردستانییەکان بە تایبەت پارتی و یەکێتی رێگر بن لەوەی ھیچ دەنگێکی کورد لەو ناوچانە بفەوتێت.

پارتی و یەکێتی دەیانەوێت بە یەکەوە دیراسەی بابەتی یاسای ھەڵبژاردن و ھەڵبژاردنی پێشوەختە لە عێراق بکەن، بۆ ئەمەش کۆکن لەسەر ئەوەی دەزگای ھەڵبژاردنی ھەردوولا، بە راوێژ لەگەڵ فراکسیۆنەکانی پارتی و یەکێتی لە ئەنجوومەنی نوێنەراندا، ھەڵسەنگاندنی تەواو بۆ بارودۆخەکە بکەن.

خەسرۆ گۆران، بەرپرسی دەزگای ھەڵبژاردنی پارتی گووتی: کورد و لایەنە کوردستانییەکان ترسیان لە ناوچەکانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێم ھەیە، چونکە پێشبینی دەکەن بەھۆی یاسای نوێی ھەڵبژاردنەکان دەنگێکی زۆری کورد لەو ناوچانە بەفیڕۆ بچێت، بۆیە دەیانەوێت بە یەکەوە لە رێگای میکانیزمێک، رێگە بگرن لە بەفیڕۆچوونی دەنگی کورد، بۆ ئەمەش حزبە کوردستانییەکان بیریان لە یەک لیستی كردووەتەوە لەو ناوچانەدا.

ئارێز عەبدوڵڵا، ئەندامی سەرکردایەتی یەکێتی گوتی: بۆ ئاساییکردنەوەی زیاتری پەیوەندییەکانیان، بڕیارە لە نزیکترین کاتدا، پارتی و یەکێتی لە سەرۆکایەتی ھەرێمی کوردستان کۆببنەوە. بە گوتەی ھەردوولا، ئێستا ھەرێمی کوردستان لە ھەموو کاتێک زیاتر پێویستی بە سەقامگیری سیاسی ھەیە؛ چونکە نایانەوێت بەھۆی ناکۆکی لایەنەکان دەنگی کورد لە ناوچەکانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێم کەمبکات.