بەوێنە: کوژرانی دوو چەکداری داعش لە گوندێکی کەرکووک

پشتێن و تووکتووکێکی بۆمبڕێژکراویان پووچەڵکرانەوە

K24 - هەولێر

دوو چەکداری داعش بەرەبەیانیی ئەمڕۆ بە چەکی بێدەنگ هێرشیان کردە سەر گوندێکی تورکماننشینی سنووری کەرکووک، لەئەنجامدا کەسێکی مەدەنی کوژرا و دواتر لە رووبەڕووبوونەوەیەکدا هێزە ئەمنییەکان هەردوو چەکداری داعشیان کوشتن.

راگەیاندنی لیوای تایبەتی 61، رایگەیاند هێزە ئەمنییەکانی کەرکووک هێرشێکی داعشیان لە گوندی بەلاوە شکستپێهێنا و دوو چەکداری داعش کاتژمێر 03:00ـی بەرەبەیانیی ئەمڕۆ (پێنجشەممە، 13-8-2020) کوژران، چەکدارە کوژراوەکان یەکێکیان ناوی هانی رەحمانە و ئەوەی دیکەش نەناسراوە.

هەر لە شوێنی رووداوەکە هاووڵاتییەکی مەدەنی بەناوی فەلاح خەلەف کوژراوە و یەکێکی دیکەش بەناوی وەعد خەلەف بریندار بووە. پاشان بەپێی هەمان سەرچاوە؛ پشتێن و تووکتووکێکی بۆمبڕێژکراو لە گوندەکە لەلایەن یەکەی ئەندازەیی هێزە ئەمنییەکانی کەرکووک پووچەڵکرانەوە.

بەلاوە، گوندێکی تورکماننشینی سەر بە ناحیەی یایچییە لە سنووری پارێزگای کەرکووک، کە 11 کیلۆمەتر دەکەوێتە رۆژئاوای ئەو شارە.

هـ.ر.