بارسێلۆنا گرەوەکەی لە ریاڵ مەدرید بردەوە

کلاسیکۆ
کلاسیکۆ

سەرەتای ئەم وەرزە چاوەڕێ دەکرا، ریاڵ مەدرید بە پاڵپشتی چوارینەکەی واتە کیلیان ئێمباپێ و ڤینیسیۆس جونیۆر و رۆدریگۆ و هەروەها جود بێلینگهام، بتوانێت دەست بەسەر ناسناوەکاندا بگرێت، بەڵام بێ ئاگا لەوەی بارسێلۆنا دەتوانێت بە پاڵپشتی چوارینەکەی دەست بەسەر هەموو شتێکدا بگرێت.
لە ریزەکانی یانەی بارسێلۆنا هەر یەکە لە لامین یامال و رافینها و پێدری و لێڤاندۆڤسکی، توانیان سەرکردایەتی ئەنجامە باشەکانی یانەکەیان بکەن، کەم کەس چاوەڕێ ئەو ئاستە بەرزەی لەو چوار یاریزانەی یانەکەی هەرێمی کەتەلۆنیای دەکرد.
بارسێلۆنا بە هاوکاری ئەو چوار ئەستێرەیەی توانی چوار کلاسیکۆ بە دوای یەک لە ریاڵ مەدریدی رکابەری بباتەوە، هەر ئەمانەش هۆکاری ئەنجامە باشەکانی یانەکەیان بوون و لە کۆتاییشدا توانیان، 97 گۆڵ و 59 ئاسیست تۆمار بکەن.
یانەکەی هەرێمی کەتەلۆنیا بەرامبەر گواستنەوەی ئەو چوار یاریزانەی تەنها 103 ملیۆن یۆرۆی خەرجکردووە ئەویش کە خەرجی لیڤاندۆڤسکی و رافینها بووە، لامین یامال و پێدری بەرهەمی ئەکادیمیای لاماسیان.
لەلایەکی دیکەوە چوارینەکەی ریاڵ مەدرید کە نرخەکەیان خەیاڵیە و یانە شاهانەکە بۆ گواستنەوەیان زیاتر لە 200 ملیۆن یۆرۆی خەرجکردووە، کەچی ئەم وەرزە نەیانتوانی هیچ ناسناوێک بۆ یانەکەیان بەدەست بهێنن.
چوارینەکەی ریاڵ مەدرید بە گشتی ئەم وەرزە لە سەرجەم خوڵ و پاڵەوانێتیەکان، لەگەڵ یانەکەیان توانیان 85 گۆڵ و هەروەها 50 ئاسیست بۆ یانەکەیان تۆمار بکەن، بەبێ ئەوەی هیچ ناسناوێک بۆ یانەکەیان بەدەست بهێنن.

 
Fly Erbil Advertisment