ئێران: پەیوەندییەکانمان لەگەڵ هەرێمی کوردستان زۆرباشە

گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران ڕایگەیاند: پەیوەندییەکانمان لەگەڵ هەرێمی کوردستان زۆرباشە و سەردانەکەی سەرۆک کۆماری ئێران بووە هۆی دەستپێکی جوڵەی بازرگانی و سیاسی لەنێوان هەردوولا.
یەکشەممە، 18ـی ئایاری 2025، ئیسماعیل بەقائی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند: پەیوەندییەکانی نێوان ئێران و هەرێمی کوردستان زۆرباشە، هەر لەدوای دەستبەکاربوونی سەرۆک کۆماری ئێران، یەکەم شوێن کە سەردانیکرد عێراق و هەرێمی کوردستان بوو.
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران گوتی: لە سەردانەکەیدا گفتوگۆ و دیداری زۆرباشی هەبوو، هەروەک سەرۆکی هەرێم باسی کرد ئەو سەردانەی پزیشکیان بۆ هەرێمی کوردستان بووە هۆی دەستپێکی ژمارەیەک جوڵەی بازرگانی و سیاسی لەنێوان ئێران و هەرێمی کوردستان.
دەربارەی دانووستانەکانی نێوان ئێران و ئەمەریکا، گوتەبێژی وەزارەتی ئێران باسی لەوەکرد، بەگوێرەی دواین زانیاری دانووستانەکانی ئەمەریکا و ئێران بەردەوامیان دەبێت، چاوەڕوانی کات و شوێنی دیداری داهاتوو دەکەین.
یەکشەممە، 18-05-2025، لە تاران، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، لەگەڵ مەسعود پزیشکیان، سەرۆكی کۆماری ئیسلامیی ئێران، كۆ بووهوه.
سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان لە ڕاگەیەنراوێکدا باسی لەوە کردووە، لە کۆبوونەوەکەدا، خۆشحاڵيى خۆیان به ئاستی پەیوەندییهكانى نێوان هەردوولا دهربڕى و داكۆكييان لە خواستى دوولايهنه بۆ برهودانى زياتر به هاريكاريى هاوبهش، بەتایبەتی لە بوارهكانى بازرگانی و ئابووريدا، كردهوه.