ئاماری نوێی کۆرۆنا لە کوردستان: 569 تووشبوو و 13 مردن
ژمارەی تووشبووان لە 20 هەزار نزیکدەبێتەوە
K24 - هەولێر
وەزارەتی تەندروستیی هەرێمی کوردستان ئاماری 24 کاتژمێری رابردووی تایبەت بە کۆرۆنای بڵاوکردەوە، ئاشکرای کرد لەو ماوەیەدا 569 کەس تووشی کۆرۆنا بوون و 13 کەسیش بەهۆیەوە گیانیان لەدەستداوە.
بەپێی راگەیەندراوەکەی وەزارەتی تەندروستی، لەو کەسانەی لە ماوەی 24 کاتژمێری رابردوو بە کۆرۆنا گیانیان لەدەستداوە، نۆیان لە هەولێر بوون، سێیان لە سلێمانی و ئەوەی دیکەش لە هەڵەبجە بووە.
بەگشتی ژمارەی تووشبووانی کۆرۆنا لە چەند هەفتەی رابردوو لە هەرێمی کوردستان لە هەڵکشاندایە، چەند رۆژێکیشە، رۆژانە زیاتر لە 500 کەس تووشی ئەو پەتا جیهانییە دەبن.
داتای وەزارەتی تەندروستی هەروەها دەریدەخات لە سەرەتای تۆمارکردنی پەتای کۆرۆناوە لە هەرێمی کوردستان تائێستا، نزیکەی 20 هەزار کەس تووشی ڤایرۆسی کۆرۆنا بوون، کە زیاتر لە نیوەیان چاکبوونەتەوە.

هـ.ر.