وەزارەتی دەرەوەی فرانسا: پاریس بوردوومانی توركیا شەرمەزار دەكات

"بە پێشھاتێكی مەترسیداری" وەسفكرد.

K24-ھەولێر

ئەمرۆ پێنجشەممە وەزارەتی دەرەوەی فرانسا لە بەیاننامەیەكدا رایگەیاند، فرانسا ئەو بوردوومانەی توركیا، كە بووە ھۆی گیان لەدەستدانی چەند كەسێك لە پاسەوانانی سنووری عێراق لە پارێزگای ھەولێر، شەرمەزار دەكات و "بە پێشھاتێكی مەترسیداری" وەسفكرد.

ئەمە دوای ئەوە دێت كە وەزارەتی دەرەوەی عێراق بۆ جاری سێیەم بالیۆزی توركیای لە سەر ھێرشەكانی ئەو وڵاتە بۆ سەر ناوچە سنووریەكانی عێراق بانگھێشت كرد و یاداشننامەیەكی ناڕەزاییی وڵاتەكەی پێگەیاند و داوایكرد بە زووترین كات توركیا ھێرشەكانی خۆی بۆ سەر عێراق راگرێت و تەواوی ھێزەكانی لەو ناوچە سنوورییانە بكشێنێتەوە. ھەروەھا وەزارەتی دەرەوەی سەردانێكی وەزیری بەرگریی توركیای بۆ عێراق ھەڵوەشاندەوە كە بڕیاربوو ئەمڕۆ ئەنجامی بدات.

لەم ماوەی دواییدا پەیوەندییەكانی فرانسا و توركیا گرژی زۆری تێكەوتووە بەھۆی ژمارەیەك دۆسیەوە. ھەر ئەمرۆ پێنجشەممە پاریس رایگەیاند، فرانسا دوو فرۆكەی "رافال" بڵاودەكاتەوە و بوونی خۆی لە رۆژھەڵاتی دەریای سپیی ناوەڕاستدا بەھێزدەكات بە ناردنی كەشتی لافاییت بۆ ناوچەكە لە چوارچێوەی پلانێكدا بۆ بەھێزكردنی ھەبوونی سەربازیی خۆی بە ھۆی كردەوەكانی كنە و پشكنینی توركیا بەدوای نەوت و گازدا لەو ناوچەیەدا.

Fly Erbil Advertisment