پێنتاگۆن: تا ماوه‌یه‌كی درێژ له عێراق و سووریا ناكشێینه‌وه
بۆ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی هه‌ژموونی ئێران

K24 – هه‌ولێر:
فه‌رمانده‌ی فه‌رمانده‌یی ناوه‌ندی وه‌زاره‌تی به‌رگری ئه‌مه‌ریكا (پێنتاگۆن)، جه‌نه‌راڵ كینیس ماكنزی، رایگه‌یاند، یه‌كه‌كانی سوپای ئه‌مه‌ریكا و هێزه‌كانی ناتۆ بۆ ماوه‌یه‌كی درێژ له عێراق و سووریا ده‌مێننه‌وه به مه‌به‌ستی به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی هه‌ژموونی "پیس"ـی ئێران له‌و وڵاتانه.
گوتیشی: ژماره‌ی هێزه‌كانی ئه‌مه‌ریكا له عێراق و سووریا له چه‌ند مانگی داهاتوودا كه‌مده‌كرێته‌وه، به‌ڵام تا ئێستا فه‌رمانی ده‌ستكردن به كشانه‌وه‌ی ئه‌و هێزانه‌مان پێ نه‌گه‌یشتووه.
رۆژنامه‌ی "نیویۆرك تایمز" له سه‌ر زاری "ماكنزی" گواستووه‌ته‌وه، كه 5 هه‌زار و 200 سه‌ربازی ئه‌مه‌ریكی ئێستا له عێراقدان به مه‌به‌ستی به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی چه‌كداره په‌ڕاگه‌نده‌بووه‌كانی داعش و راهێنان به هێزه‌كانی عێراق.
ئه‌و جه‌نه‌راڵه ئه‌مه‌ریكییه له باره‌ی قه‌باره‌ی كه‌مكردنه‌وه‌ی هێزه‌كانیان له عێراق زانیاری وردی نه‌دركاندووه، به‌ڵام به‌رپرسانی دیكه‌ی ئه‌مه‌ریكا ئاماژه‌یان بۆ ئه‌وه كردووه، له گفتوگۆیان له‌گه‌ڵ به‌رپرسانی عێراق، كه بڕیاره ئه‌م مانگه ده‌ستپێبكات باس له كه‌مكردنه‌وه‌ی هێزه‌كانی ئه‌مه‌ریكا بۆ نزیكه‌ی 3 هه‌زار و 500 سه‌رباز ده‌كه‌ن.
سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی له پایزی رابردوودا، دۆناڵد تره‌مپی سه‌رۆكی ئه‌مه‌ریكا داوای كشانه‌وه‌ی سه‌رجه‌م هێزه‌كانی وڵاته‌كه‌ی له سووریا كرد، كه ژماره‌یان 1000 سه‌رباز بوو، به‌ڵام تا ئێستا نزیكه‌ی 500 سه‌ربازی ئه‌مه‌ریكی له سووریا ماوون و زۆرینه‌ی ره‌هایان له باكووری خۆرهه‌ڵاتی سووریا (رۆژئاوای كوردستان) جێگیركراوون.