وەزیری سامانە سروشتییەکان بە وەکالەت: گرێبەستەکان لە بەرژەوەندیی عێراقیشە

وەزیری سامانە سروشتییەکان بە وەکالەت ڕایدەگەیەنێت: گرێبەستەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ ئەمەریکا لەبواری وزەدا دەیکات، لە بەرژەوەندیی عێراقیشە، چونکە وزەی بۆ وێستگەکانی کارەبا پێ دابین دەکرێت.

دووشەممە 19ـی ئایاری 2025، کەمال محەممەد، وەزیری سامانە سروشتییەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا لە ئەمەریکاوە گوتی: دوو گرێبەست لە بواری پیشەسازیی نەوت و غاز ئیمزا دەکرێن، گرێبەستی یەکەم لەبواری گازدا لەگەڵ کۆمپانیای میران ئینێرجی، کە لە دوو کۆمپانیا پێکهاتووە، کۆمپانیای ئێچ كه‌ی ئێن ئەمەریکی و کۆمپانیای ئۆنێکس کە لەبواری نەوت کاردەکات.

وەزیری سامانە سروشتییەکان بە وەکالەت ئاماژەی بەوە کرد، ئەو گرێبەستە بۆ ئەوەیە ئەو کێلگەی گازە بەکاربێت بکەوێتە نێو ژێرخانی گاز لە هەرێمی کوردستاندا بۆ دابینکردنی کارەبا بۆ هەرێمی کوردستان، بەمەش هەرێمی کوردستان و عێراق سوودی لێوەردەگرن.

لەبارەی تونای کێلگەکان، کەمال محەممەد، وەزیری سامانە سروشتییەکان، ڕایگەیاند: کێلگەی میران 8 ترلیۆن پێ سێجا گازی تێدایە، وەکو دەستپێک لەماوەی 18 بۆ 20 مانگ لە قۆناغی یەکەمدا لێکۆڵینەوە و دیراسەی کێلگەکە دەکرێت، پێشبینی دەکرێت 50 تاکو 70 ملیۆن پێ سێجا گاز بەرهەمبهێندرێت، دوای ئەو ماوەیە، کێلگە گازییەکە فراوانتر دەکرێت بۆ تۆڕەکانی هەرێم و عێراق بەکاردێت.

ئاماژەی بەوەشکرد، گرێبەستێکی دیکە لەگەڵ کۆمپانیای وێسترنگ زاگرۆسە دەکرێت کە پەیوەستە بە کێلگەی نەوت و گاز،  گوتی: کۆمپانیاکە ئەمەریکییە و پێشتر لە کێلگەی کوردەمیر کاری دەکرد، بۆ کێلگەی تۆپخانەش، گرێبەست لەگەڵ هەمان کۆمپانیا دەکەین بۆ بەرهەمی زیاتری نەوت و گاز لەو کێلگەیەدا.

وەزیری سامانە سروشتییەکان گوتی: گرێبەستەکان لە بەرژەوەندیی عێراقیشە، دەڵێت: ئێمە ئێستا 8 هەزار و 189 مێگاوات کارەبا ژێرخانی کارەبامان هەیە، بەڵام ئەوەی بەرهەمدەهێندرێت 4 هەزار تا 4500 مێگاوات کارەبایە لەبەر بابەتی نەبوونی سووتەمەنی پێویست، وێستگەکانی دابیکردنی کارەبا پێویستییان بە هەزار و 100 مەق مەقی گاز هەیە، یاخود ملیۆنێک پێ سێجا گاز هەیە، بەڵام ئەوەی هەرێمی کوردستان هەیەتی، 525 ملیۆن پێ سێجا گازی کۆرمۆر، هەروەها 120 تاکو 130 ملیۆن پێ سێجا گازە لە خورمەڵە ، بەوەش هەرێمی کوردستان نیوەی پێداویستی کارەبای هەیە، بەو گرێبەستانەش کێشەی کارەبا چارە دەبێت، هاوکات گازەکە بەکاردێت بۆ پیشەسازیی چیمەنتۆ و ئاسن و پیشەسازییەکانی دیکە کە ئێستا نەوتی ڕەش بەکاردەهێنن.

وەزیری سامانە سروشتییەکان ڕایگەیاند: بەو گازە، غاز بۆ ماڵان دابین دەکرێت، کە هەموو پێداویستییەکانی پێ پڕ کرایەوە، ئینجا بیر لەوە دەکرێتەوە بۆ بابەتی دیکە بەکاربێت.

کەمال محەممەد گوتی: ئێمە دەمانەوێت پەیوەندییەکانمان لەگەڵ ئەمەریکا بەهێز بکەین، چونکە ئەمەریکا پارێزگاریی لە بەرژەوەندییەکانی خۆی دەکات، ئەگەر بەرژەوەندییان لە هەرێمی کوردستان هەبێت، پارێزگاری لە هەرێمی کوردستانیش دەکەن.

وەزیری سامانە سروشتییەکان ئاشکرای کرد، کێلگەی میران زیاتر لە 8 ترلیۆن پێ سێجا گازی هەیە، بەپێی خەمڵاندن بە نرخی ئێستا بەهاکەی دەکاتە 40 ملیار دۆلار، بەهەمان شێوە توانای کێلگەی تۆپخانە 5 ترلیۆن پێ سێجا گازە، لەگەڵ 9 ملیۆن بەرمیلی نەوت، بە نرخی ئێستا بەهاکەی 70 ملیار دۆلارە، بەمەش نرخی هەردووکیشیان دەگاتە 110 ملیار دۆلار، بەڵام ئەو ژمارەیە تەنها خەمڵاندنە.

گوتیشی: کێشەی هەناردەنەکردنەوەی نەوتی کوردستان تەکنیکی و یاسایی و عەقڵیی بوون، لە یاسای بوودجەدا 6 دۆلار بۆ تێچووی بەرهەمهێنانی هەر بەرمیلێک لە بەغدا داندرا و کۆمپانیاکانی وەبەرهێنانی نەوت پێی ڕازی نەبوون، دواتر یاساکە هەمووار کرایەوە کرایە 16 دۆلار، وەزارەتی نەوتی عێراق نەرمی نیشانداوە بۆ هەناردەکردنەوە بە زیادکردنی تێچووی بەرهەمهێنان، ئێستا کێشەکە لای کۆمپانیاکانە، کۆمپانیاکان دەڵێن کە گریبەستەکانمان یاسایین، پێویستە جێبەجێ کردنیش تەواو بێت و گرێبەستەکان پارێزراو بن، داوای شایستەی خۆشیان دەکەن، وەزیری سامانە سروشتییەکان ئاشکرای دەکات،  وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی هەرێمی کوردستان بۆ ماوەی زیاتر لە پێنج مانگ نەوتی کوردستانی ڕادەستی وەزارەتی نەوتی فیدراڵ کرد کە زیاتر لە 11 ملیۆن و 826 هەزار بەرمیل بوون، تاکو ئەمڕۆ دۆلارێکیان بۆ هەرێمی کوردستان وەک شایستەی کۆمپانیاکان نەنارد.