ئه‌مه‌ریكا پرسی هێشتنه‌وه‌ی قه‌ده‌غه‌ی چه‌كفرۆشتن به‌ ئێرانی برده‌ ئه‌نجوومه‌نی ئاسایشی نێوده‌وڵه‌تی

ئایا ئەمەریكا سەركەوتوو دەبێت

K24 - ھەولێر:

ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی، دەستی بەدەنگدان كرد لە سەر پرۆژەی بڕیارێكی ئەمەریكی بۆ درێژكردنەوەی بڕیاری سەپێنراوی نێودەوڵەتیی لە قەدەغەكردنی فرۆشتنی چەك به‌ ئێران.

بەپێی بنەماكانی كار، 24 كاتژمێر لە پێش ئەندامانی ئەنجوومەنی ئاساییش دەبێت بۆ ئەوەی كاردانەوەی خۆیان پێشكەش بكەن.

ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا پڕۆژەی بڕیارەكەی پێشكەش بە ئەنجوومەنی ئاساییش كردووە، كەپێكھاتووە لە 15 ئەندام، بۆ درێژكردنەوەی ئەو بڕیارەی قەدەغەكردنی چەك لە سەر ئێران، كە لە 18 ئابی ئەم مانگەوە كۆتایی دێت و بەپێی بڕیاری  ژمارە 2231 نەتەوە یەكگرتووەكان ھاتووەتە كایەوە و تێیدا ئەنجوومەنی ئاساییش پشتیوانیی خۆی دەربڕیوە لە رێككەوتنی ئەتۆمی ئێران و وڵاتانی پێنج كۆ یه‌ك، له‌ ته‌مموزی 2015، كه‌ له‌ ڤیه‌ننا واژووكرا و دواتر ئیداره‌ی ئه‌مه‌ریكا له‌ رێككه‌وتنه‌كه‌ كشایه‌وه‌.

ئەمەریكا ھەوڵی درێژكردنەوەی بڕیارەكە دەدات بۆ ماوەیەكی دیارنەكراو و دەڵێت: ئێران دەبێتە "بازرگانێكی دێوەزمەی چەك" ئەگەر بەربەستەكان لە پێشی لابدرێن.

رووسیا و چین بە توندی دژایەیەتی خۆیان بۆ ئەم ھەوڵەی ئەمەریكا دەربڕیوە و بەو ھۆیەوە بەشێك لە دیپلۆماتكاران  مەزندەی سەرنەكەوتنی ئەمەریكا دەكەن لەم ھەنگاوەی دا.