دەزگای شەهیدانی عێراق: تاوەکوو ئێستا ڕوفاتی 1700 کورد لە گۆڕە بەکۆمەڵەکان هەڵدراونەتەوە
دەزگای شەهیدانی عێراق ڕایگەیاند، لە 2008ەوە تاوەکوو ئێستا ڕوفاتی 1700 کورد لە گۆڕە بەکۆمەڵەکان هەڵدراونەتەوە.
عەبدولئیلاه نائیلی، سەرۆکی دەزگای شەهیدان لە لیدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند "فەرمانگەی پاراستن و کاروباری گۆڕە بەکۆمەڵەکان سەر بەدەزگای شەهیدان لەساڵی 2008وە تا ئێستا 30 گۆڕی بەکۆمەڵی هەڵداوەتەوە کە هی کوردەکان بووە، هاوکات ژمارەی ئەو ڕوفاتانەی دەرهێنراون گەیشتووەتە هەزار و 700 ڕوفات."
ئاماژەی بەوەش کرد "فەرمانگەکە، ڕووبەڕووی کێشەیەکی گەورە دەبێتەوە لە دەستنیشانکردنی ناسنامەکانیان، بەو پێیەی زۆربەی خانەوادەی شەهیدەکان یان مردوون، یان سەفەریان کردووە یان چوونەتە هەندەران، هەروەها کەسانێک هەن هیچ زانیاری لەسەر شوێنی نیشتەجێبوونیان نییە."
نائیلی ئاشکراشی کرد "دەزگای شەهیدان پلانی هەیە ژمارەیەک بەڕێوەبەرایەتی بکاتەوە کە یەکێکیان تایبەتە بە کاروباری کوردەکان، بۆ ئەوەی لەڕێگەی ئەوانەوە هەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتی شەهیدان و ئەنفالکراوانی هەرێمی کوردستان بکات، هاوکات تۆمارێکی نیشتیمانی بۆ کەسانی ونبوو دادەمەزرێنین، کە سەرجەم ناونیشان و ناوی قوربانیانی سەرجەم نەتەوەکان لەخۆدەگرێت کە لە گۆڕەکاندا دۆزراونەتەوە."
