ڕۆژنامەنووسانی سلێمانی پێشوازیی لە کردنەوەی دادگایەکی تایبەت بە ڕاگەیەندکاران دەکەن

دوای زۆربوونی تۆمارکردنی سکاڵاکان لە دژی ڕۆژنامەنووسان، دادگایەکی تایبەت بە ڕۆژنامەنووسان لە سلێمانی کراوەتەوە. 

لە ماوەكانی ڕابردوودا چەندان جار لە سلێمانی بە هۆی جیاواز، سكاڵا لەسەر ڕۆژنامەنووسان تۆمار کراوە و ژمارەیەکیشیان دەستگیر کراون، ئەمەش کاریگەریی نەرێیی لەسەر ئازادیی ڕادەربڕین و مافی ڕۆژنامەنووسان هەبووە. 

دوابەدوای ئەو سکاڵا زۆرەی لەسەر ڕۆژنامەنووسان تۆمار کراون، لە 15ـی ئاداری ئەم ساڵەوە دادگایەکی تایبەت بە ڕۆژنامەنووسان لە سلێمانی کراوەتەوە. بە بڕوای بەشێك لە ڕۆژنامەنووسان، کردنەوەی دادگاکە مافەكانیان دەستەبەر دەكات.

ڕۆژنامەنووس شەهێن وەهاب، بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند "دەبووایە چەند ساڵێک پێش ئێستا ئەم دادگایە کرابایەوە، بەڵام ئێستاش درەنگ نییە. دەیان جار ڕۆژنامەنووس چووەتە بەردەم دادگا، لەگەڵ خەڵکێکی ئاسایی یان تۆمەتبارێکی قورس مامەڵەی لەگەڵ کراوە."

هاوکات ڕۆژنامەنووس پەرژین حەسەن، لەبارەی کردنەوەی دادگاکە بە کوردستان24ـی گوت "پێشتر ئەگەر ڕۆژنامەنووسێک دانیشتنێکی دادگایەکی شاری سلێمانی هەبووایە، لەگەڵ خەڵکێکی ئاسایی مامەڵەی لەگەڵ دەکرا و دەبووایە پارێزەرێکیش بگرێت. کردنەوەی ئەم دادگایە جێگەی دەستخۆشییە."

لەم ساڵانەی دواییدا زۆرترین سكاڵای ڕۆژنامەنووسان لە ڕێگەی سەندیكای ڕۆژنامەنووسانی سلێمانییەوە تۆمار كراوە. ئاستی سكاڵاكانیش جیاوازە، لە دەستبەسەرداگرتنی كەلوپەل و ئامێرەكانی بواری ڕاگەیاندن و مامەڵەی نەشیاو بەرامبەریان، بەتایبەتی لە كاتی خۆپیشاندانەكاندا.

بە بڕوای بەشێک لە ڕۆژنامەنووسان، دامەزراندنی دادگایەكی تایبەت بە ڕۆژنامەنووسان هەماهەنگ دەبێت بۆ زیاتر ڕێكخستنەوەی کاری میدیایی لە پارێزگای سلێمانی. 

كاروان ئەنوەر، سەرۆكی لقی سەندیكای ڕۆژنامەنووسانی سلێمانی بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند "ئەگەر هەر سکاڵایەکی پەیوەست بە کاری ڕۆژنامەنووسی لە سلێمانی، بەپێی یاسای کاری ڕۆژنامەنووسی، ژمارە 35ـی ساڵی 2007، مامەڵەی لەگەڵ کرا، ڕۆژنامەنووس دەستگیر ناکرێت. ئەگەر هات و دۆسییەکەیشی دۆڕاند، پێبژاردنی پێ دەکرێت و ناخرێتە زیندانەوە."

 
 
 
 
 
Fly Erbil Advertisment