چوار کەس بەتۆمەتی شکاندنی بۆری ئیفراز 3 فەرمانی دەستگیرکردنیان بۆ دەرچوو

ڕابەر حوسێن
ڕابەر حوسێن

بەڕێوەبەری ئاوی هەولێر بە ماڵپەڕی کوردستان24ـی ڕاگەیاند: چوار کەس بە تۆمەتی شکاندنی بۆری گواستنەوەی ئاوی ئیفراز سێ، فەرمانی دەستگیرکردنیان بۆ دەرچووە.

سێشەممە 20ـی ئایاری 2025، ئەندازیار ڕابەر حوسێن، بەڕێوبەری ئاوی هەولێر بە ماڵپەڕی کوردستان24ـی ڕاگەیاند: چوار کەس کە هەست بە بەرپرسیارەتی ناکەن، کاری هەڵکەندنیان لەنزیک گوندی دارەبەن کردووە بۆ دانانی بناغەی ستوونی کارەبا، بێ ئەوەی بەڕێوبەرایەتی ئاوی هەولێری لێ ئاگەدار بکەنەوە بۆ دیاریکردنی ڕێچکەی خزمەتگوزاری بەڕێوەبەرایەتی ئاوی هەولێر، لە ئەنجامی ئەو هەڵکەندنە بۆری گواستنەوەی ئاوی ئیفراز سێ شکاوە و تیمەکان لە دوێنێوە سەرقاڵی چاککردنەوەی بۆرییەکەن، ئەگەری هەیە بەرەبەیان کۆتایی بەکارەکانی چاککردنەوە بێت و ئاو بگەڕێتەوە هەموو ئەو گەڕەکانەی بەهۆی شکانی بۆرییەکە بێ ئاوبوون.

بەڕێوبەری ئاوی هەولێر ئاشکرای کرد: لەسەر سکاڵای بەڕێوەبەرایەتی ئاوی هەولێر لە بنکەی پۆلیسی بەحرکە، فەرمانی دەستگیرکردن بۆ ئەو چوارکەسە دەرچووە و دەبردرێنە دادگا.

لەبارەی سووتانی چەند ڕۆژی ڕابردووی بۆردی کارەبای پرۆژەی ئیفراز دوو بە هەورە تریشقە، ئەندازیار ڕابەر حوسێن ڕایگەیاند: بۆردی کارەباکە چاککرایەوە و جارێکی دیکە وێستگەکە دەستی بەکار کردەوە، ئێستا ئاو گەیشتووەتەوە هەموو ئەو گەڕەکانەی کە ئاوی پرۆژەی ئیفراز دوویان بۆ دابین کراوە.

 
Fly Erbil Advertisment