سامان سیوەیلی: نزیکەی 116 هەزار قوتابی بەشداریی تاقیکردنەوە گشتییەکانی پۆلی 12 دەکەن

گوتەبێژی وەزارەتی پەروەردەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، نزیکەی 116 هەزار قوتابی بەشداری تقیکردنەوە گشتییەکانی پۆلی 12 دەکەن

ئەمڕۆ چوارشەممە، 21ـی ئایاری 2025، د. سامان سوەیلی، گوتەبێژی وەزارەتی پەروەردەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، تایبەت بە ماڵپەڕی کوردستان24، ڕایگەیاند "بۆ تاقیکردنەوەی خولی یەکەمی پۆلی 12ی ئامادەیی خوێندنی ئەمساڵی 2024-2025، تێیدا 115 هەزار و 787 قوتابی بەشداریی تاقیکردنەوە گشتییەکان دەکەن.

گوتەبێژی وەزارەتی پەروەردە گوتی: ئەو 115هەزار و 787 قوتابییە، دابەشبوون بەسەر دوو هەزار و17 هۆڵدا لە تەواوی هەر چوار پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکانی هەرێمی کوردستان.

دەشڵێت: لە ڕووی لۆجستی و هونەرییەوە ئامادەکاری تەواو کراوە، پێش دەستپێکردنی تاقیکردنەوەکان بەرەبەیان پرسیارەکان دەگاتە پارێزگاکان، دواتر دەنێردرێتە پەروەردەی شارۆچکەکان و دواتر بنکەکانی دابەشکردنی پرسیارەکان، دوای ئەوە سەرپەرشتیارەکان "موشریف" دەیبەنە هۆڵی تاقیکردنەوەکان و کەمتر لە نیو کاتژمێر پرسیارەکان دەگاتە هۆڵی تاقیکردنەوەکان.

ئاماژەی بەوەش دا، ئامێری فێنککەرەوە بۆ هەموو هۆڵەکانی تاقیکردنەوە دابینکراوە، لەڕووی ئەمنییشەوە تیمەکانی وەزارەتی ناوخۆ هاوشێوەی ساڵانی ڕابردوو بۆ پاراستنی هۆڵی تاقیکردنەوەکان و گەیاندنی پرسیارەکان هاوکارمانن .

دەشڵێت: وەزارەتی کارەباش نەخشەو ژمارەی گەڕەکەکانمان پێداون، بۆ ئەوەی ڕۆژانی تاقیکردنەوەکان کارەبای نیشتمانی هەبێت، لەگەڵ ئەوەش دا، هەموو پێداویستییەکانی پرۆسەکە بەڕێکوپێکی ئامادە کراوە بۆ تاقیکردنەوەکان، کە 1ـی حوزەیران 2025، دەست پێ دەکات و 29ـی حوزەیران کۆتایی دێت.

د. سامان سوەیلی ڕاشیگەیاند "هەفتەی دوو ڕۆژ تاقیکردنەوەیە، ڕۆژانی جەژن پشووە و تاقیکردنەوەی تێدا ناکرێت، باقی تاقیکردنەوەکان لە دوای جەژن بەردەوام دەبێت و تاکوو هەموو کۆتایی دێت.

لە هەرێمی کوردستان، تاقیکردنەوە گشتییەكانی پۆلی 12ـی ئامادەیی، ساڵی پار 2023- 2024 کە دەستیپێکرد؛ 87 هەزار و 307 قوتابیی زانستی، 33 هەزار و 195 قوتابیی وێژەیی،  دوو هەزار و 513 قوتابیی پیشەیی لە پرۆسەکە بەشداربوون.

هەروەها دوو هەزار و 115هۆڵی تاقیکردنەوە بۆ پرۆسەکە ئامادە کرابوو و 122هەزار قوتابی تاقیکردنەوەی تێدا کردووە.

تاقیکردنەوەکانی ساڵی پار، بۆ پۆلی 12ـی ئامادەیی بە هەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتی ناوخۆ، کارەبا، گواستنەوە و گەیاندن، خوێندنی باڵا بەڕێوە چوو.

 

 

 

 
 
 
 
 
 
 
Fly Erbil Advertisment