بەڕێوەبەری ئاوی هەولێر: بۆڕی ئاوی ئیفراز سێ چاککراوەتەوە بەرەبەیانی سبەینێ، پێنجشەممە ئاو دەگاتە سەرجەم گەڕەکەکان

دوای ئەوەی بۆرییە شکاوەکەی ئیفراز سێی هەولێر چاککرایەوە، بەڕێوەبەری ئاوی هەولێر وادەی گەیشتنەوەی ئاو بۆ سەرجەم گەڕەکەکان ئاشکرا دەکات.
چوارشەممە، 21ـی ئایاری 2025، ڕابەر حوسێن، بەڕێوەبەری ئاوی هەولێر بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند: بەیانی ئەمڕۆ بۆرییە شکاوەکەی ئیفراز سێ چاککرایەوە، بەڵام پاش حەوت کاتژمێر ئاو گەیشتەوە کۆگاکان، هەر ئەمڕۆ ئێوارە ئاو بە تەواوی بۆ ناو شار بەردراوەتەوە، ئەمشەو دەگاتەوە سەدا پەنجای ئەو گەڕەکانەی ئاویان لەسەر بۆری ئیفراز سێیە، بەڵام بۆ بەرەبەیانی سبەینێ پێنجشەممە، دەگاتەوە سەرجەم گەڕەکەکان.
ڕۆژی دووشەممە، 19ی ئەم مانگە بۆریی ئیفراز سێی هەولێر لە نزیک گوندی دارەبەن شکا، چەند کەسێک تۆمەتبارن بە شکاندنی بۆرییەکە، بەڕێوەبەری ئاوی هەولێر ئاماژەی بەوەکرد: لیژنەیەک بۆ لێکۆڵینەوە پێکهێنراوەو ئەو کەسانە سزا دەدرێن کە بۆرییەکەیان شکاندووە.
بۆریی ئاوی ئیفراز سێ، یەکێکە لە پڕۆژە سەرەکییەکانی ئاوی هەولێر، ئاوی نزیکەی سەدا 40ی گەڕەکەکانی شارەکە دابین دەکات