مایڵز کاگینز: پێویستە هێڵی هەناردە کردنەوەی نەوتی کوردستان بخرێتەوە کار

مایڵز کاگینز، گوتەبێژی کۆمەڵەی پیشەسازیی نەوتی کوردستان دەڵێت: پێویستمان بەوەیە هێڵی هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان بخرێتەوە کار.
پێنجشەممە، 22ـی ئایاری 2025، مایڵز کاگینز، گوتەبێژی کۆمەڵەی پیشەسازیی نەوتی کوردستان ناسراو بە ئەپیکور بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند: بەشداری کریس ڕایت، وەزیری وزەی ئەمەریکا لەگەڵ سەرۆک وەزیران، مەسرور بارزانی لە کۆنفرانسی وزە، ئاماژەیەکی دیکەی هەژموون و گرنگی هەرێمی کوردستان لە واشنتن نیشان دەدات.
گوتیشی: ئەم گرێبەستەی وەبەرهێنان، وەبەرهێنەرانی دیکەش لە بواری نەوت و غاز و کەرتەکانی دیکەش بۆ هەرێمی کوردستان رادەکێشێت.
دەربارەی لێدوانی وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا، کاگینز گوتی: لێدوانەکەی مارکۆ روبیۆ، وەزیری دەرەوە لە کۆنگرێس زۆر بەهێز بوو، باسی لە گرنگیی پێگەی هەرێمی کوردستانی کرد و بە کۆڵەگە و گرنگترین بەش لە سیاسەتی ئەمەریکا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ناوی برد.
مایڵز کاگینز باسی لەوەش کرد، وەزیری وزەی ئەمەریکا ڕایگەیاندووە، ئیدارەی ترەمپ چاوی لە دەرفەتە بۆ بەرەوپێشبردنی بازرگانی لەبری ئەوەی بەدوای ململانێ و جەنگدا بێت، بۆ کردنەوەی بۆڕی هەناردەی نەوتی عێراق - تورکیا، ئەمەریکا زیاتر لە دوو ساڵە لە دانوستان بەشدارە، هەروەها لە سەردەمی ئیدارەی بایدن لەسەر ئاستی باڵا دانوستان دەکرا، گوتیشی: هیواخوازین بەم زووانە کۆبوونەوەی دیکە بکرێت و حکوومەتی عێراق و هەرێمی کوردستان و نوێنەرانی کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکان بگەنە ڕێککەوتن، چونکە پێویستمان هەنگاوی هەناردە کردنەوەیە.