هەواڵگری ئەمەریکا: کۆریای باکوور هەڕەشە لە هێزەکانمان دەکات
ڕاپۆرتێکی هەواڵگریی ئەمەریکا ئاشکرای کردووە، کۆریای باکوور لە ئێستادا بەهرەمەندە لە "بەهێزترین پێگەی ستراتیجی" لە ماوەی دەیان ساڵدا، بەو پێیەی ڕژێم هەوڵەکانی چڕکردووەتەوە بۆ پەرەپێدانی ئەو چەکانەی توانای هەڕەشەکردن لە هێزەکانی ئەمەریکا و هاوپەیمانەکانیان هەبێت.
ئەم شیکارییە لەلایەن دەزگای هەواڵگری بەرگریی (DIA)ی وەزارەتی بەرگریی ئەمەریکاوە لە چوارچێوەی هەڵسەنگاندنی هەڕەشە جیهانییەکانی ساڵی 2025 ئامادەکراوە، کۆمەڵێک تەحەددای ئەمنیی بەرفراوانی گرتەوە، لەوانە ئەو ئاستەنگانەی لەلایەن کۆریای باکوور، چین، ڕووسیا و ئێران و هەروەها ئەوانی دیکەوە ڕوویانداوە.
ئەم هەڵسەنگاندنە لەکاتێکدایە نیگەرانییەکانی کۆریای باکوور بەهۆی هەڕەشەی ئەتۆمی و مووشەکی بالیستی پێشکەوتوو، لەگەڵ هاوپەیمانی سەربازییەکەی لەگەڵ ڕووسیا بەپێی پەیماننامەی هاوبەشی ستراتیجی هەمەلایەنە لە مانگی حوزەیرانی 2024 لەلایەن هەردوو وڵاتەوە واژۆ کراوە.
ئاژانسی هەواڵی یۆنهاپی کۆریای باشوور لە زاری ئەو ڕاپۆرتەوە بڵاویکردەوە، "کیم جۆنگ ئون، ڕێبەری کۆریای باکوور زیاتر متمانەی بە شەرعیەتی سیاسی خۆی لەسەر شانۆی نێودەوڵەتی و ئاسایشی ڕژێمەکەی هەیە".
لە ڕاپۆرتەکەدا ئاماژە بەوە کراوە، کۆریای باکوور ئێستا لە بەهێزترین پێگەی ستراتیجی خۆیدایە لە ماوەی دەیان ساڵدا، خاوەنی ئامرازی سەربازییە وای لێدەکات هەڕەشە لە هێزەکانی ئەمەریکا و هاوپەیمانەکانی واشنتن بکات لە باکووری ڕۆژهەڵاتی ئاسیا، لە هەمان کاتدا بەردەوامە لە بەرزکردنەوەی تواناکانی بۆ بە ئامانجگرتنی خاکی ئەمەریکا".
