لە رۆژئاوای كوردستان شەڕ لەنێوان ھێزەكانی ئەمەریكا و سووریا روویدا

هێزه‌كانی سووریا رێگریان له كاروانێكی هێزه‌كانی ئه‌مەریكا

K24 - هەولێر

لە رۆژئاوای كوردستان شەڕ لەنێوان ھێزەكانی ئەمەریكا و سووریا روویدا و ھێزەكانی ئەمەریكا لەڕێگەی فڕۆكە ھێزەكانی سووریایان کردە ئامانج، لەئەنجامدا دوو سەربازی سووری کوژران.

شەڕەکەی ئەمڕۆ، بەپێی روانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ، رووداوێکی دەگمەنە کە تێیدا هێزەکانی ئەمەریکا و سەربازانی سووریا رووبەڕووی یەکدی بوونەتەوە.

ئاژانسی هەواڵی فەرمیی سووریا (سانا)، لە سەرچاوەیەکی سەربازییەوە لەبارەی شەڕەکە رایگەیاند "کاروانێکی سەربازیی ئەمەریکی هەوڵیدا بێتە ناوچەی بڵاوبوونەوەی پێکهاتە سەربازییەکانمان لە دەوروبەری قامشلۆ... بەڵام ئەوان وەستاندیانن و رێگەیان نەدان تێبپەڕن".

سەرچاوەکەی ئاژانسی سانا هەروەها دەڵێ؛ سەربازانی کاروانە ئەمەریکییەکە چەند گوللـەیەکیان تەقاندووە، دواتر دوای 30 خولەک، دوو فڕۆکەی ئەمەریکی لەڕێگەی رەشاش تەقەیان لە سەربازە سوورییەکان کردووە، لە ئەنجامدا سەربازێک کوژرا و دووانی دیکە بریندار بوون".

هەتاوەکو ئێستا هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی، هیچ لێدوان و راگەیەندراوێکی لەو بارەیەوە بڵاونەکردووەتەوە.

لە ساڵی 2012ـەوە بەشێکی زۆری پارێزگای حەسەکە لە رۆژئاوای کوردستان، لەژێر دەسەڵاتی کوردە، بەڵام هەندێک گوندی دەوروبەری قامشلۆ و حەسەکە هێشتا لەژێر دەسەڵاتی هێزەکانی سەر بە رژێمی سووریان.

هێزە ئەمەریکییەکان لە چوارچێوەی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دژی داعش، بەسەرۆکایەتیی واشنتن لە ناوچەکەن و پاڵپشتی کورد دەکەن لە شەڕی دژی داعش.