سووتاندنی پاشماوەی زبڵ و خاشاك شاری 'هیت'ی تووشی کارەساتی ژینگەیی کردووە
سێشەممە، 27ـی ئایاری 2025، سەمیم سەلام، سەرۆکی سەنتەری ژینگەی فورات، ڕایگەیاند، دەبێت لەلایەنە پەیوەندارەکانی پارێزگای ئەنبار، بەپەلە دەستوەردان بکەن بۆ ڕاگرتنی ئەو کارەساتە ژینگەییەی کە شاری 'هیت'ـی گرتووەتەوە، ئەویش دەردانی ئەو ژەهرەیە کە لە ئەنجامی سووتانی پاشماوەی زبڵ و خاشاکە بە شێوەیەکی نەگونجاو.
سەمیم سەلام گوتیشی "ئێستا ئاسمانی شاری هیت بە هەورێکی دوکەڵ و گازی ژەهراوی داپۆشراوە، هەروەها بەهۆی کەمیی کارەبای نیشتمانی، دانیشتوان ناچارن لە جیاتی سپڵێت، موبەریدە بەکار بهێنن ئەمەش قەیرانە تەندروستیی و ژینگەییەکەی زیاتر کردووە، چونکە موبەریدە هەوای ژەهراوی دەرەوە دێنێتە ژوورەوە."
ئاماژەی بەوەش کرد "پێشتریش چەندین جار داوامان کردووە ئاگر لەزبڵدانەکان بەرنەدرێن، یان لە ناوچە نیشتەجێبووەکان دووریان بخەنەوە، بەڵام بێ سوود بووە."
جەختیشی کردەوە "ئەو گازە ژەهراویانەی لە ئەنجامی سووتاندنی پاشماوەکانەوە دروست دەبێت، لە مەترسیدارترین جۆرەکانی پیسبوونی هەوان و ڕاستەوخۆ کاریگەرییان لەسەر تەندروستیی دانیشتوان و سەلامەتیی ژینگە هەیە."
سەمیم سەلام، ڕونیشی کردەوە "ئەم کارانە بە مەبەست بێت یان کەمتەرخەمی، دۆخی ژیانی هاووڵاتیان دەخاتە مەترسییەوە، ئێمەش لایەنی بەرپرسیار لە هەموو دەرئەنجامەکانی سەرهەڵدانی ئەم کەمتەرخەمییە بە بەرپرسیار دەزانین."
هەروەها هۆشداریی دا لە مەترسییە تەندروستییەکانی سووتاندنی پاشماوەی ئەو زبڵانە و دەڵێت، مەترسی ڕاستەوخۆی هەیە بۆ سەر ژیانی دانیشتوان و بەتایبەت منداڵان و ئەوانەی نەخۆشی تەنگەنەفەسییان هەیە.
هاوکات چالاکوان و ڕۆژنامەنووس عەبدوڵلا بەندەر، دانیشتووی شاری هیت ڕایگەیاند، بەهۆی ئەو دوکەڵە زۆرەی لە زبڵخانەکانەوە دەردەچێت، بەتەواوی ئاسمانی شارەکەی پۆشیوە، ژینگەی شارەکەی پیس کردووە، ئەمەش بووەتە هۆی زیادبوونی خراپی دۆخی تەندروستی، بەتایبەتی ئەوانەی بەدەست نەخۆشییەکانی کۆئەندامی هەناسەدانەوە گیرۆدەن.