سلێمانی.. باندێک بە تۆمەتی بازرگانیی بە جەستەی مرۆڤ دەستگیر کرا
بەڕێوەبەرایەتیی لێکۆڵینەوەی دەزگای ئاسایشی هەرێم، بە هەماهەنگیی بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی پارێزگای سلێمانی، باندێکی بە تۆمەتی فریودانی خەڵک بە فرۆشتنی گورچیلە، دەستگیر کرد.
چوارشەممە 28ـی ئایاری 2025، دەزگای ئاسایشی هەرێم، لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاشکرای کرد، لەسەر سکاڵای هاووڵاتییان و بە بڕیاری دادوەری لێکۆڵینەوەی ئاسایش، بەڕێوەبەرایەتیی لێکۆڵینەوەی دەزگاکە، لە ڕۆژانی 7 و 8ـی ئایاری 2025، توانییان باندێکی 4 کەسی دەستگیر بکەن.
دەزگای ئاسایشی هەرێم، ئاماژەی بەوە دا، ئەو باندە چوار کەسییە بڕی 32 ملیۆن دیناریان لە 5 خێزان وەرگرتبوو و فریویان دابوون بەوەی گورچیلەی مرۆڤیان بەرانبەر بڕێک پارە دەفرۆشن.
دەزگاکە دەڵێت: ئێستا تۆمەتباران بە ماددەی (456) ڕاگیراون و لێکۆڵینەوە لە دۆسیەکانیان بەردەوامە.