ئالان حەمە سەعید: لە پرۆگرامەکانی خوێندن باسی زیانەکانی ماددە هۆشبەرەکانمان کردووە
پێنجشەممە، 29ـی ئایاری 2025، ئالان حەمەسەعید، وەزیری پەروەردەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە پانێڵی هەڵمەتی نیشتیمانیی ڕووبەڕووبوونەوەی ماددە هۆشبەرەکاندا ڕایگەیاند، پرۆگرامەکانی خوێندن یەکێکن لەو تەوەرە سەرەکیانەی کە دەتوانرێت پەیامی پێ بگەیەنرێت، هەروەها پرۆسەی پەروەردە و فێربوونی تێدا بکرێت.
ئالان حەمە سەعید گوتیشی: قوتابخانە وەکوو دامەزراوەیەکی فەرمیی کۆمەڵایەتیی ڕۆڵی گرنگی هەیە، لەپەروەردەکردن، ئەوەی لە قوتابخانەشدا گرنگی هەیە ڕۆڵی مامۆستا و ستافی کارگیڕی و پرۆگرامەکانی خوێندنە، کە چۆن ئەمانە ئاوێتە بکرێن و پێکەوە کاریگەریی دروست بکەن.
ئاماژەی بەوەش کرد، لە ناوەندەکانی خوێندن لەسەر چەند ئاستێک کار کراوە، کە ئایا چی لەناو پرۆگرامەکانی خوێندن هەیە هەروەها چۆن ئەم پەیامە بە قوتابیان دەگەیەنیت، چونکە هەندێک جار بەشێویەکی سەرنجڕاکێش و نازانستی باسی ماددەی هۆشبەر دەکرێت، بۆیە ئەم پرۆسەیە پێویستی بە وردبینی و کەسانی شارەزا هەیە.
وەزیری پەروەردە گوتیشی: ئێمە لە کتێبی زانستیی پۆلی 9 ئاماژەمان بە بابەتی ماددەی هۆشبەر داوە، هەروەها باسی کاریگەرییەکان و زیانە تەندروستییەکان لەسەر مرۆڤ کردووە، هەروەها پەروەردەی ئیسلامیی ڕۆڵی هەیە لە هۆشیار کردنەوە، ئاینەکانی دیکەش بەگوێرەی تایبەتمەندی قوتابخانەکانی خۆیان.
باسی لەوەش کرد، ئێمە لە پەروەردەی ئیسلامی پۆلی 9 و 10 باسی زیانەکانی ماددەی هۆشبەرمان کردووە. هەروەها لە کتێبی عەرەبی پۆلی 8 ئاماژەمان بەو بابەتە کردووە، کەواتە پرۆسەی هۆشیارکردنەوە لەو کتێبانەی باسمان کرد خراوەتە بەردەستی قوتابیان، کە دەمانەوێت هەم لە ڕەهەندی ئاینییەوە ئەم پەیامە بگەیەنین، هەم لە ڕووی زانستییەوە.
ئالان حەمە سەعید دەشڵێت: ئێمە ڕێبەرێکمان بۆ مامۆستایان ئامادەکردووە، کە لە ساڵی 2022ەوە، بەبەردەوامی سێ ڕۆژی دەسپێکی خوێندن لە قوتابخانەکان باسی پێنج تەوەر دەکەن، کە هەمووی لەسەر ماددەی هۆشبەرە، کە لەماوەی ئەو سێ ڕۆژە باسی زیانەکانی ماددەی هۆشبەر دەکرێت. هەروەها باسی کاریگەرییەکانی لە رووی ئاینی و کۆمەڵایەتیی و دەروونی و جەستەیی دەکرێت