مارکۆ ڕوبیۆ: پشتیوانیی ئەمەریکا بۆ هەرێمی کوردستان وەک بەشێکی سەرەکیی پەیوەندییەکانمان لەگەڵ عێراق دەمێنێتەوە

گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا ڕایگەیاند، مارک ڕوبیۆ و نێچیرڤان بارزانی، تاوتوێی هاوکاریی و بەرەوپێشبردنی سەقامگیری و خۆشگوزەرانییان لە عێراق و سووریا کرد.
پێنجشەممە، 29ـی ئایاری 2025، تامی بروس، لە ڕاگەیەندراوێکدا گوتی: مارکۆ ڕوبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا، بە تەلەفۆن پەیوەندیی بە نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان کرد و گفتوگۆیان کرد.
تامی بروس، ئاماژەی بەوەش کرد، مارکۆ ڕوبیۆ و نێچیرڤان بارزانی، باسیان لە گرنگیی بەردەوامیی هاوکاریی و بەرەوپێشبردنی سەقامگیری و خۆشگوزەرانی لە عێراق و سووریا و ناوچەکە کرد.
گوتیشی: وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا دەستخۆشیی لە حکوومەتی هەرێمی کوردستان کرد بۆ هاوبەشی لەگەڵ کۆمپانیا ئەمەریکییەکان هەوڵی بەکارهێنانی سەرچاوە ناوخۆییەکانی وزە و بۆ سەربەخۆیی وزەی عێراق.
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا ڕاشیگەیاند، ڕوبیۆ، جەختی کردووەتەوە کە پشتیوانیی ئەمەریکا بۆ حکوومەتی هەرێمی کوردستان، وەکوو بنەمایەکی سەرەکیی پەیوەندیی ئەمەریکایە لەگەڵ عێراق.
چوارشه‌ممه، 28ـی ئایاری 2025، سه‌رۆكایه‌تیی هه‌رێمی كوردستان ڕاگه‌یاند، نێچيرڤان بارزانی، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان په‌يوه‌ندييه‌كى ته‌له‌فۆنى له مارکۆ ڕوبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمه‌ریکاوه پێ گه‌یشتووه و هه‌ردوولا جەختیان له بره‌ودان به پەیوەنديی ستراتیژيی ئەمه‌ریکا و هەرێمی کوردستان کردووه.
سه‌رۆكایه‌تیی هه‌رێمی كوردستان ئاماژه‌ی به‌وه‌ش كردووه، نێچيرڤان بارزانی و مارکۆ ڕوبیۆ هەروەها باسيان له هاريكاريى بوارى ئابوورى و وزه و گرنگيی بەردەوامبوونی هەماهەنگیى نێوانيان کرد بۆ پشتگيريى سەقامگیری و ئارامى لە عێراق، سووریا و ناوچەکە به‌گشتی.
باس له‌وه‌ش ده‌كات، وه‌زيرى ده‌ره‌وه‌ى ئه‌مه‌ريكا سوپاسی سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستانی کرد بۆ ڕۆڵ و هەوڵەکانی لە چارەسەرکردنی کێشەكانى نێوان حکوومەتی عێراقى فيدراڵ و حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە ڕێگەی لێكگه‌یشتن و گفتوگۆی بونیاتنەرانه‌وە.
سه‌رۆكایه‌تیی هه‌رێمی كوردستان گوتووشیه‌تی، ڕوبيۆ جەختی لەوە کردووه‌ته‌وه کە پشتگيريی ئەمه‌ریکا بۆ هەرێمی کوردستان، به بنەمایەکی سەرەکيی پەیوەنديی ستراتيژيى ئەمه‌ریکا لەگەڵ عێراقدا دەمێنێتەوە. له به‌رانبه‌ردا نێچيرڤان بارزانى، سوپاس و پێزانينى بۆ پشتگيريى ئه‌مه‌ريكای له عێراق و هه‌رێمى كوردستان دووپات كردووه‌ته‌وه.