دیندار زێباری: زیاتر لە 1700 بازرگان و بەکارهێنەری ماددەی هۆشبەر دەستگیر کراون
ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان, لە پانێلێکیدا لە هەڵمەتی نیشتمانیی ڕووبەڕووبوونەوەی ماددەی هۆشبەر کە دەزگای خێرخوازیی بارزانی ئەمڕۆ لە هەولێر ڕێکی خست، ڕایگەیاند: 500 ئالوودەی ماددەی هۆشبەر لەکۆی 800 ئالوودەبوو لە چاکسازییەکانی هەرێمی کوردستان، شیاندنەوەیان بۆ کراوە، گوتیشی: زیاتر لە 1700 بازرگان و بەکارهێنەری ماددەی هۆشبەر حوکم دراون و لە چاکسازییەکاندان.
پێنجشەممە 29ـی ئایاری 2025، دیندار زێباری، ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان لە حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بەشداریی پانێلێکی هەڵمەتی نیشتمانیی ڕووبەڕووبوونەوەی ماددەی هۆشبەری کرد کە دەزگای خێرخوازیی بارزانی لە هەولێر، ڕێکی خست.
لە پانێلەکەدا، ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان ئاماژەی بەوە کرد، لە ساڵی 2024، زیاتر لە هەزار و 528 بازرگان و بەکارهێنەری ماددەی هۆشبەر حوکم دراون، پێشبینی ئەوەشی کرد ئەمساڵ ژمارەی ئەو بازرگان و بەکارهێنەرانەی ماددەی هۆشبەر کە حوکم دراون، گەیشتبێتە 1700 کەس.
دیندار زێباری، باسی ڕۆڵی کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستانی کرد لە ڕووبەڕووبوونەوەی ماددەی هۆشبەر و گوتی: ساڵی 2019 نزیکەی 212 بازرگان و هەزار و 182 بەکارهێنەری ماددەی هۆشبەر دوای دەستگیرکردن، حوکم درابوون، ساڵی 2024 ژمارەکە چوار بەرانبەر بووەتەوە و ژمارەکە گەیشتووەتە نزیکەی 831 بازرگان کە دەستگیرکراون و حوکم دراون. ئاشکراشی کرد، هەر لە ساڵی 2024، دەست بەسەر نزیکەی 466 هەزار کیلۆگرام ماددەی هۆشبەردا گیراوە، جگە لە دەست بەسەرداگرتنی تۆنێک ماددەی هۆشبەری کریستاڵ.
ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان ئاماژەی بەوەش کرد، هەزار و 19 بازرگان و بەکارهێنەری ماددەی هۆشبەر لە سلێمانی دەستگیر کراون و حوکم دراون، کۆی گشتی دەستگیرکراوان و حوکم دراون لە هەرێمی کوردستان گەیشتووەتە نزیکەی دوو هەزار بازرگان و بەکارهێنەری ماددەی هۆشبەر.
دیندار زێباری ڕایگەیاند: لە کۆی 800 ئالوودەبووی ماددەی هۆشبەر 500 کەسیان لە چاکسازییەکانی هەرێمی کوردستاندا شیاندنەوەیان بۆ کراوە.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، 29-05-2025، بە چاودێریی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بە دروشمی (بە یەکەوە بەرەو کۆمەڵگەیەکی بەهێز و ساغڵەم)، دەزگای خێرخوازیی بارزانی، هەڵمەتی نیشتمانیی ڕووبەڕووبوونەوەی ماددە هۆشبەرەکانی ڕاگەیاند.
لە هەڵمەتەکەدا، ڕێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆ، ئالان حەمە سەعید، وەزیری پەروەردە، سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستی و ژمارەیەک دیکە لە بەرپرسانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بەشدارییان تێدا کردووە.
ماددەی هۆشبەر چییە؟
ماددەی هۆشبەر وەرگێڕدراوی وشەی "Narcotic"ی گریکییە و بە واتای "بێهۆشکردن" یان "لەهۆشخۆچوون" دێت، ئەمەش واتای ئەوەیە هۆشی مرۆڤ دەبرێت و لە حاڵەتی سروشتی خۆی دادەبڕێت، لە ئەنجامدا دەبێتە هۆی ئالوودەبوون و ژەهراویبوونی کۆئەندامی دەمار. ماددە هۆشبەرەكان لە ڕێگەی (دەم، دەرزی و کوتان، بۆنکردن، کێشان و هەڵمژین، خستنەژێر زمان و ناو کۆم) بەکار دەهێنرێن.
جۆرەکانی دەشێت سروشتی بن، لە شێوەی گەڵا و گوڵ و ڕەگی دار، یان نیمچە دەستکرد بن و لە جۆرە سروشتییەکانەوە وەربگیرێن، یان لە تاقیگەدا بە شێوەی حەپ و دەرزی ئامادە دەکرێن، کە بریتین لە (تلیاک، مۆرفین، کۆدایین، هیرۆیین، حەشیش، کراک، شیشە، پیسیدین، میسادۆن، بێنزۆدیازپین، ئەمفیتامینەکان، کۆکاین، ئیفیدرین، بەنگ، فینسیکیدین، هایدرۆکلۆریک، داتورە، کوکا، خات یان فات، کراتم، ناس، متادون، پاپاورین، پتادین).