مەکتەبی سیاسیی پارتی: تا پێش جەژن شایستە داراییەکانی خەڵکی کوردستان نەنێردرێت هەڵوێستی جددیمان دەبێت

لۆگۆی پارتی دیموکراتی کوردستان
لۆگۆی پارتی دیموکراتی کوردستان

مەکتەبی سیاسی پارتی دووپاتی دەکاتەوە، تا پێش جەژنی قوربان وەزارەتی دارایی عێراق شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان نەنێرێت، هەڵوێستی جیددییان دەبێت. 

پێنجشەممە، 29ـی ئایاری 2025، مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان ڕاگەیەندراوێکی دەربارەی نووسراوەکەی دوێنێ چوارشەممە، 28-05-2025ـی وەزارەتی دارایی فیدراڵ لەبارەی نەناردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان بڵاو کردەوە.

لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە "ڕای گشتی عێراق و هەرێمی کوردستان ئاگادار دەکەینەوە کە حکوومەتی فیدراڵی بەردەوامە لە پێشێلکردنی مافە دەستوورییەکانی هەرێمی کوردستان، دوا پێشلکاریشی نووسراوەکەی دوێنێی وەزارەتی داراییە کە دژی دەستوور و بنەماکانی ڕێککەوتنی پێکهێنانی حکوومەتە و، بە سیاسی کردنی قوتی خەڵکە."

مەکتەبی سیاسیی پارتی باسی لەوەش کردووە "ئەم بابەتە لە کۆبوونەوەی داهاتووی کۆمیتەی ناوەندیی پارتیمان لە 2-6-2025، دەخەینە بەرباس و بڕیاروەرگرتن و ئەگەر تا پێش جەژنی پیرۆزی قوربان، ماف و شایستە داراییەکانی خەڵکی هەرێمی کوردستان ڕەوانە نەکرێت هەڵوێستی جدیمان دەبێت و ڕایدەگەیەنین."

هەر ئەمڕۆ پێنجشەممە، 29-05-2025، د. ڤیان سەبری، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق، لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، فراکسیۆنە کوردستانییەکان یاداشتێکی ناڕەزایەتیی لە دژی بڕیاری تەیف سامی، وەزیری دارایی عێراق بۆ نەناردنی مووچەی فەرمانبەرانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، دەدەنە محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق. 

بە گوتەی سەرۆکی فراکسیۆنی "پێشتر چەند جارێک لیژنەی دارایی داوای لە وەزیری دارایی کردبوو، خشتەی خەرجی ڕاستەقینە (ئینفاقی فیعلی)ـی حکوومەتی عێراق، هی هەموو مانگەکانی ئەمساڵیان ڕادەست بکات، کەچی تا ئێستا تەنیا هی مانگی کانوونی دووەمی  ناردووە. باشە چۆن لە دەرئەنجامدا بۆیان دەرکەوتووە، حکوومەتی هەرێمی کوردستان زیاتر لە ئینفاقی فیعلی بودجەی بۆ خەرج کراوە؟ ئەوان لە بنەڕەتدا داتا و ئاماریان نەناردووە. ئێمە ئەو نووسراوە ڕەت دەکەینەوە." 

سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی ئەوەشی خستە ڕوو، یاسای بودجە لە پێناو هەناردەکردنەوەی نەوت، یاسای بودجە هەموار کراوەتەوە، بەڵام تا ئێستا حکوومەتی عێراق پابەندی هەموارەکە نەبووە تاکوو دووبارە نەوتی کوردستان هەناردە بکرێتەوە. 

ئەمە لە کاتێکدایە، تەیف سامى، وەزارەتى دارایی عێراق، بە نووسراوێکی فەرمی حکوومەتی هەرێمى کوردستانى ئاگادار کردووەتەوە لەوەى چیدیکە ناتوانێت لە ناردنى پارەی مووچە بەردەوام بێت، بە پاساوى ئەوەى بڕى پشکى دیاریکراوى خۆى لە یاسای بودجە تێ پەڕاندووە و ئەوەى بەستووەتەوە بە پابەندبوون بە بڕیارى دادگەى فیدراڵی و یاسای بودجەى گشتى و دەڵێت: "19.2 تریلیۆن دینارى داهاتى نەوتى و نانەوتى رادەست نەکراوە".