بەهۆی قەرزی کەلەکەبووی 11 یاریزان و راهێنەر لەوانەیە یانەی هەولێر دابەزێنرێتە ریزی یانە پلە یەکەکانی عێراق
فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئاسیا دوایین دەرفەت دەداتە یانەی هەولێر
بەهۆی سکاڵای 11 یاریزان و راهێنەری پێشووی یانەکە لە فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئاسیا لەسەر یانەی هەولێر، مەترسی هەیە یانەی هەولێر دابەزێنرێتە ریزی یانە پلە یەکەکانی عێراق.
11 یاریزان و راهێنەر کە پیشتر لە یانەی هەولێر یارییان کردووە لە فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئاسیا سکاڵایان لەسەر یانەی هەولێر تۆمارکردووە و داوای بڕی گرێبەستەکانیان دەکەن، کە دیارترینیان لوئەی سەڵاح، هێرشبەری پێشووی یانەکەیە کە بە گوتەی خۆی 450 ملیۆن دیاری گرێبەستەکەی لە یانەی هەولێر ماوە، سەعد عەبدولئەمیریش 300 ملیۆن دیناری لەلای یانەکە ماوە و موسەننا خالیدیش داوای ئەو 140 ملیۆن دینارە دەکات کە لە گرێبەستەکەی ماوە، ئەیوب ئەدیشۆ راهێنەری پێشووی یانەکەش یەکێکە لەوانەی داوای بڕی گرێبەستە نەدراوەکەی لە یانەکەی پایتەخت دەکات.
تەنیا لەمساڵدا زیاتر لە 150 یاریزان و راهێنەر داوایان لەسەر 13 یانەی عێراقی لە فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئاسیا بەرزکردووەتەوە، کە 11 یاریزانیان لە یانەی هەولێر بوون.
بەگوێرەی دوایین ئاگادارکردنەوەی فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئاسیا پێویستە تاکو مانگی ئەیلوول یانەی هەولێر لەگەڵ یاریزانەکانی رێکبکەوێت و بڕی ماوەی گرێبەستەکانیان بدات کە زۆربەیان بۆ ساڵانی 2013 و 2014 دەگەڕێتەوە.