پەیامنێری کوردستان24 زانیاریی لەبارەی کۆبوونەوەکەی پیرمام دەخاتە ڕوو
پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ شەممە، 31-05-2025، کۆبوونەوەی گرنگ و بەرفراوانی هێز و لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان بە سەرپەرشتیی دەستەی کارگێڕیی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پیرمام دەستی پێ دەکات.
نەورەس عەبدوڵڵا، پەیامنێری کوردستان24 ڕایگەیاند، لە کۆبوونەوەکەدا تاوتوێی دۆخی گشتیی ئێستای عێراق، هەرێمی کوردستان و ناوچەکە دەکرێت. هەروەها هەڵوێستی لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستانیش لە بەرانبەر بڕیاری وەزارەتی دارایی عێراق بۆ خەرجنەکردنی ماف و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان ڕادەگەینرێت.
ناوی بەشێک لە بەشداربووانی کۆبوونەوەکەی پیرمام:
1. فوئاد حوسێن، جێگری سەرۆک وەزیران و وەزیری دەرەوەی عێراق.
2. سالار لالە سەرحەد، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان.
3. د. مەجید حەمەدئەمین، ئەندامی سەکردایەتیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان.
4. محەممەد حاجی مەحموود، سەرۆکی پارتی سۆسیال دیموکراتی کوردستان.
5. دانا ئەحمەد مەجید، ڕێکخەری باڵی کوردساتی بزووتنەوەی گۆڕان.
6. عەبدوڵلا وەرتی، ئەندامی مەکتەبی سیاسی بزووتنەوەی ئیسلامی.
7. باپیر کامەلا، سکرتێری پارتی ڕەنجدەرانی کوردستان.
8. محەممەد بازیانی، نوێنەری بزووتنەوەی پەیوەندیی ئیسلامی.
9. عەبدوقادر بازرگان و مونا قەهوەچی، نوێنەرانی پارتی چاکسازیی تورکمان.
10. کاوە مەحموود، سکرتێری حزبی شیوعی.
11. بێکەس قادر، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی زەحمەتکێشان.
ئەمە لە کاتێکدایە، تەیف سامى، وەزارەتى دارایی عێراق، بە نووسراوێکی فەرمی حکوومەتی هەرێمى کوردستانى ئاگادار کردووەتەوە لەوەى چیدیکە ناتوانێت لە ناردنى پارەی مووچە بەردەوام بێت، بە پاساوى ئەوەى بڕى پشکى دیاریکراوى خۆى لە یاسای بودجە تێ پەڕاندووە و ئەوەى بەستووەتەوە بە پابەندبوون بە بڕیارى دادگەى فیدراڵی و یاسای بودجەى گشتى و دەڵێت: "19.2 تریلیۆن دینارى داهاتى نەوتى و نانەوتى رادەست نەکراوە".
دوای بڕیارەکە، ڕۆژی پێنجشەممە، 29ـی ئایاری 2025، مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان لە ڕاگەیەنراوێکدا ڕایگەیاند "ڕای گشتی عێراق و هەرێمی کوردستان ئاگادار دەکەینەوە کە حکوومەتی فیدراڵی بەردەوامە لە پێشێلکردنی مافە دەستوورییەکانی هەرێمی کوردستان، دوا پێشلکاریشی نووسراوەکەی دوێنێی وەزارەتی داراییە کە دژی دەستوور و بنەماکانی ڕێککەوتنی پێکهێنانی حکوومەتە و، بە سیاسی کردنی قوتی خەڵکە."
مەکتەبی سیاسیی پارتی باسی لەوەش کردووە "ئەم بابەتە لە کۆبوونەوەی داهاتووی کۆمیتەی ناوەندیی پارتیمان لە 2-6-2025، دەخەینە بەرباس و بڕیاروەرگرتن و ئەگەر تا پێش جەژنی پیرۆزی قوربان، ماف و شایستە داراییەکانی خەڵکی هەرێمی کوردستان ڕەوانە نەکرێت هەڵوێستی جدیمان دەبێت و ڕایدەگەیەنین."
هەمان ڕۆژ، شاخەوان عەبدوڵڵا، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق لە پەیامێکدا ڕایگەیاند "دوای گفتوگۆیەکی دوور و درێژ، فراکسیونە کوردستانییەکان نووسراوێکیان ئاراستەی سەرۆک وەزیرانی عێراق کردووە، لەسەر ئەو پێشێلکارییانەی دەرهەق بە فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان دەکرێت، چونکە دەچێتە خانەی برسی کردنی هاووڵاتییانەوە."