عەبدوللەتیف ئەحمەد: با تەیف سامی لە بری چوونە حەج، مووچەی خەڵک بدات
عەبدوللەتیف ئەحمەد، لەبارەی بڕینی مووچەی هاووڵاتیانی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، ئەوەی بەغدا دەیکات ستەم و زوڵم و خیانەتە بەرانبەر میللەتی کورد، هەموو کوردێکیش دەبێت لەبەرانبەر ئەو بابەتە یەک هەڵوێست بێت و نابێت ئەو زوڵمەی بەغدا قبووڵ بکات.
شەممە 31ـی ئایاری 2025، عەبدوللەتیف ئەحمەد، زانای ئاینیی، بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند "هیچ بیانوویەک بۆ نەناردنی مووچە نییە، بەغدا ستەم لە هاووڵاتیانی هەرێمی کوردستان دەکات و بەشێوەییەکی دادپەروەرانی مامەڵە لەگەڵ هەرێم و میللەتی کورد ناکات." گوتیشی: سەڕەرای ئەوەی گەندەڵی زۆر لە بەغدا هەیە، بەڵام هەوڵی چارەکردنی نادەن و دێن بیانو بە هەرێمی کوردستان دەگرن.
هەروەها ئاماژەشی دا، با تەیف سامی، وەزیری دارایی عێراق نەچێتە حەج، لە جیاتی ئەوە مووچەی خەڵک بدات. بە هەر بیانوویەک بێت نابێت مووچەی خەڵک ببڕێت. نابێت پرسی مووچە تێکەڵ بە بابەتی سیاسیی بکرێت، نەناردنی مووچە زوڵم و خیانەتە بەرانبەر میللەتی کورد.
عەبدوللەتیف ئەحمەد، لە بارەی هەڵوێست و یەکڕێزیی کورد گوتی: کورد لە هەر چوار پارچەی کوردستان مافەکانییان زەوت دەکرێت و زوڵمییان لێ دەکرێت، سەرەڕای سیاسەتی ئەو وڵاتانە لە بەرانبەر کورد، بەڵام یەکێک لە هۆکارەکان نەبوونی یەکڕێزیی کوردە.
باسی لەوەش کرد، پێویستە هەموومان پارێزگاریی لە کوردستان بکەین و ململانێی سیاسی و بەرژەوەندیی حزبی وەلابنرێت، بەتایبەت ئەگەر پرسەکە نیشتیمانی بێت. جەختیشی کردەوە هەموو کوردێک و موسڵمانێک، نابێت ئەو زوڵمەی بەغدا قبووڵ بکات.