مونا قه‌هوه‌چی: کۆبوونەوەکەی پیرمام لە بەرژەوەندیی خەڵکی هەرێمی کوردستان بوو

جێگری سه‌رۆكی پارتی چاكسازیی توركمان دووپاتی کردەوە، بە هیچ شێوەیەک لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆ باسی وەرگرتنی قەرز لە حکوومەتی عێراق بۆ مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان نەکراوە.

شەممە 31ـی ئایاری 2025، مونا قەهوەچی، جێگری سه‌رۆكی پارتی چاكسازیی توركمان، بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند: ئەمڕۆ کۆبوونەوەیەکی گرنگ لە پیرمام بەڕێوە چوو، کۆبوونەوەکە لە بەرژەوەندیی تاکە حزبێک نەبوو، بەڵکو لە بەرژەوەندیی تەواوی خەڵکی کوردستان بوو.

جێگری سه‌رۆكی پارتی چاكسازیی توركمان، دەڵێت: ئەو لایەنە سیاسییانەی کە لە کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆ بەشدار بوون، خەمخۆری خەڵکی کوردستانن.

جەختی لەوەش کردەوە، بە هیچ شێوەیەک لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆ باسی وەرگرتنی قەرز لە حکوومەتی عێراق بۆ مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان نەکراوە، بەڵام لە دەرەوەی کۆبوونەوە هەر کەسێک باسی ئەو بابەتەی کرد بێت، ئەوا گوزارشت لە ڕای حزبەکەی خۆی دەکات.

مونا قەهوەچی، گوتی: ئەمڕۆ بۆ یەکەم جار سەرجەم لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان هاوڕابوون لەسەر ئەوەی بڕیارەکانی حکوومەتی عێراق، دژی ماف و بەرژەوەندییەکانی خەڵکی هەرێمی کوردستانە، هەروەها هاوڕابوون لەوەی کە دەبێت شایستە داراییەکانی خەڵکی هەرێمەکە بە پێی دەستوور، ڕێککەوتنە سیاسییەکان و بڕیاری دادگای فیدراڵی بنێردرێت.

 
 
Fly Erbil Advertisment