بەسرە.. هێزە ئەمنییەکان هێرشیان کردە سەر خۆپیشاندەران

 یەکشەممە، 1ـی حوزەیرانی 2025، لە پارێزگای بەسرە سەدان دەرچووی بەشە ئەندازیارییەکان، بەتایبەت پسپۆڕییەکانی نەوت و جیۆلۆجی خۆپیشاندانیان کرد، بەڵام لەگەڵ هێزە ئەمنییەکان گرژیی و ئاڵۆزی دروست بوو.

حەسەن شاوی، نوێنەری خۆپیشاندەران بە میدیاکانی ناوخۆیی ڕاگەیاند "دەرچووانی پسپۆڕییەکانی نەوت ماوەی چەند مانگێکە بەردەوامن لە خۆپیشاندان، کە تاوەکوو ئێستا هیچ وەڵامێکیان لەلایەن لایەنە پەیوەندیدارەکانەوە نەدراوەتەوە، سەرەڕای ئەوەی جار جارە بەڵێنی دامەزراندنیان پێ دەدەن، بەڵام ئەو بەڵێنانە نەبووەتە هەنگاوی کردەیی."

گوتیشی: "خۆپێشاندانەکەی ئەمڕۆ ئاشتیانە بوو، بەڵام هێزە ئەمنییەکان گرژییان دروست کرد و هێرشیان کردە سەر ژمارەیەک خۆپیشاندەر، کە لە ئەنجامدا خۆپیشاندەرێک بریندار بووە و گەیەندراوەتە نەخۆشخانە."

نوێنەری خۆپیشاندانەکان ئاماژەی بەوەش کرد، خۆپیشاندەران داوای هەلیکار لە کۆمپانیاکانی نەوت دەکەن، بەتایبەتی کە زۆربەیان کەسانی پسپۆڕ و بەئەزموونی خەڵکی بەسرەن، کە سەرەڕای بوونی هەلیکاری بەرچاو لە پارێزگاکەیان بەدەست بێکارییەوە گرفتارن.

حەسەن شاوی باسی لەوەش کرد "خۆپیشاندانەکە بەردەوامە و تا ئەو کاتەی داواکارییە ڕەواکانی جێبەجێ دەکرێن ناوەستێت. دەشڵێت: ئێمە خۆپیشاندانی ئاشتیانە دەکەین، سەرەڕای ئەوەی هەوڵی سەرکوتکردنمان دەدرێت.