سەرۆك بارزانی: چارەی كێشەكانی عێراق پابەندبوونی هەموو لایەکە بەبنەماکانی هاوبەشی و هاوسەنگی و سازان

بارەگای بارزانی بڵاوی کردەوە، یەكشەممە 1ی حوزەیرانی 2025 سەرۆك مەسعود بارزانی لە سەلاحەددین پێشوازیی لە شاندی سەرۆك هۆز و شێخ و كەسایەتی و ڕیشسپییە عەرەبەكانی پارێزگای نەینەوا كرد.

لە دیدارەكەدا شاندی میوان سوپاسی گەلی كوردستان و هەڵوێستی سەرۆك بارزانیان كرد كە لە ڕۆژانی تەنگانە و لە شەڕی تیرۆریستاندا میوانداریی سەدان هەزار ئاوارەی عێراقیان لە پارێزگای نەینەوا و پارێزگاكانی تری عێراق كردووە و سوپاسی قوربانیدانی هێزی پێشمەرگەی كوردستانیشیان كرد كە بەشێكی زۆری ناوچەكانی پارێزگای نەینەوا لە ژێر دەست تیرۆریستانی داعش ئازاد كرد و ڕایانگەیاند كە ئەو هەڵوێستە مێژوویانە هەرگیز لە یاد ناكەن و لە یاددانی نەوەكانی ئایندەشیان دەمێنێتەوە.

بەشداربووانی كۆبوونەوەكە وێڕای ئاماژەدان بە سەقامگیری و بووژانەوەی هەرێمی كوردستان داوایان كرد كە هەماهەنگی و هاوكاری و پێكەوەیی لەنێوان پارێزگاكەیان و هەرێمی كوردستاندا هەبێت.

لە بەشێكی تری ئەو كۆبوونەوەدا شاندی میوان باسیان لە كێشە و گرفتەكانی دانیشتوانی نەینەوا و بارودۆخی ئابووری و خزمەتگوزاریی ئەو پارێزگایە بۆ سەرۆك بارزانی كرد و داوایان كرد لە قۆناغی داهاتوودا لە پرۆسەی سیاسیی عێراق نوێنەرایەتییەكی ڕاستەقینەیان هەبێت و كۆتایی بە نەهامەتی و گرفتەكانیان بێت.

هەر لەو كۆبوونەوەیەدا، سەرۆك بارزانی بە گەرمیی بەخێرهاتنی شاندی میوانی كرد و لە گوتەیەكدا وێڕای ئاماژەدان بە مێژووی كێشەكانی نێوان گەلی كوردستان و حكوومەتەكانی عێراق جەختی لەوە كردەوە كە جێیی شانازییە ناكۆكیی نێوان گەلی كوردستان و حكوومەتەكانی عێراق هیچ كاتێك نەبووەتە هۆی ناكۆكیی نێوان گەلانی عێراق. سەرۆك بارزانی جەختیشی لەوە كردەوە كە عێراقی دوای 2003 لەسەر بنەمای هاوبەشی و هاوسەنگی و سازان و لە چوارچێوەی دەستووردا دامەزراوە و تەنیا ڕێگەی چارەسەركردنی كێشەكانی عێراق پابەندبوونی هەموو لایەكە بەو بنەمایانە. سەرۆك بارزانی پاڵپشتیی و هاوسۆزیی خۆی بۆ داواكاری و کێشەکانی خەڵكی پارێزگای نەینەوا ڕاگەیاند و ئەوەشی دووپات كردەوە كە پێویستە ڕێگە بدرێت دانیشتوانی نەینەوا خاوەنی بڕیار و چارەنووسی خۆیان بن.