کوردانی دیاسپۆرا ڕەخنە لە هەڵوێستی حکوومەتی عێراقی دەگرن
کوردانی دیاسپۆرا نیگەرانیی خۆیان دژی ئەو سیاسەتە دەردەبڕن کە حکوومەتی عێراقی دژی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان پەیڕەوی دەکات، ئەوان ئاماژە بەوە دەکەن، ئەگەر جاران بە شەڕ و ڕێگەی سەربازیی هەوڵی لەناردبرنی کوردیان دەدا، ئێستاش لەڕێگەی ئاستەنگ دروستکردن بۆ مووچەی فەرمانبەران دەیانەوێت کێشە بۆ هەرێمی کوردستان دروست بکەن.
شوان تاهیری، بەرپرسی ماڵی کوردی لە بەلجیکا دەڵێت:" ئەو گرێبەستەی لەبواری وزەدا هەرێمی کوردستان لەگەڵ چەند کۆمپانیایەکی ئەمەریکی کردوویانە، کارێکی زۆر باش و گرنگە، کە بەغدا مووچە نانێرێت، با نەینێرێت، ئەو نەوتەی هەمانە با بۆی ڕوو بکەینە ئەمەریکا و ئەوروپا، بۆ ئەوەی بەغدا بەخۆدا بێتەوە بەوە.
ئەکرەم حەمۆ، سەرۆکی کۆمەڵەی هێڤیش لە بەلجیکا پێی وابوو، لەبەر ئەوەی هەرێمی کوردستان، هەرێمێکی فیدراڵییە ، بەغدا ناتوانێت وەک پێشتر هێرشی لەشکری و کوشتن و تاڵانیی بکات، ئەوەی دەیکەن لە بڕینی مووچەی خەڵکی، بابەتێکی کەسییە و بەهانەیەکی سیاسییە.
ڕۆنی مەزڵومیش کە بەرپرسی ناوەندی ڕەوەندی کوردستانییە لە بەلجیکا دەڵێت: هیوادارم کورد لە بەرانبەر ئەم هەڵوێستە بەغدا یەکگرتوو بێت و دونیاش پشتگیریی کورد بکات.
لەبارەی پێشێلکردنی دەستووریش، دکتۆر ئیسماعیل کامیل، سەرۆکی کۆنفیدارسۆنی ڕەوەندی کوردستانی گوتی: حکوومەتی عێراق دەستوور پێشێل دەکات، گرووپێکن هاتوون، کێشە بۆ هەر پرۆژەیەکی کوردستان دروست دەکەن و دژی هەر پرۆژەیەکی کوردستان دەوەستنەوە.
لەلایەکی دیکەوە، ئەحمەد ئالان، کە مامۆستای زانکۆیە لە بەلجیکا دەڵێت: نابێت هیچ شتێک لە حکوومەتی عێراقی چاوەڕێ بکەین، ئێمە لەگەڵ ئەوان ناتوانین وەکو دوو هاووڵاتی لەو وڵاتەدا بژین، ئێمەش ناتوانین وەکو عێراقی خۆمان ببینین، چونکە تا ئێستاشی لەگەڵدا بێت ئێمە هاووڵاتی پلە دووین لە عێراقدا.
مستەفا کامیل، چالاکوانیش لە بەلجیکا ڕایگەیاند: ئەو مووچە بڕینە لە تەواوی هەرێمی کوردستانە، بەڵام جێی داخە کە ماڵی کوردستان بەو شێوەیە پەرتەوازە دەکەن.
لەبارەی نەبوونی دەوڵەتیش، عەبدولڕەزاق ماجید، بەرپرسی دەزگای سەنگەر و پێشمەرگە لە ئەوروپا گوتی: ئەگەر ئێمە خاوەنی دەوڵەت بین، هیچ کەسێک ناتوانێت دەستدرێژی بکاتە سەر وڵاتەکەمان.
وەزارەتی دارایی فیدراڵ بە پاسا و بیانووی بێ بنەما و بێ ڕەچاوکردنی بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی و بنەماکانی دەستوور، جارێکی دیکە پرسی مووچەی کوردستانی وەک کارتێکی سیاسی بەکارهێنا و کێشەی بۆ دروستکرد، شارەزایان و پسپۆرانی سیاسی پێیان وایە، گرێبەستە یاسایی و دەستوورییەکانی بواری وزەی هەرێمی کوردستان لەگەڵ چەند کۆمپانیایەکی ئەمەریکا کە مەبەست لێی بەهێزکردنی ژێرخانی ئابووری هەرێمی کوردستان و عێراقە، حکوومەتی عێراقی ئاگاەدارکردەوە لەوەی، کوردستان خاوەندی سەرچاوەی گرنگی داهاتە، ئەگەر بیانەوێت پێشێکی دەستوور و بنەماکانی مافی هاووڵاتیبوون لە عێراق پێشێل بکەن، ئەوە هەرێمی کوردستان ڕێگە چارە و دەروزاەی گرنگی بۆ دەرچوون لەو ئالەناگارییانە هەیە کە عێراق لەڕووی ئابوورییەوە بۆی دروست دەکات.