ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان بۆ داخستنی کۆمپانیاکانی فۆڕێکس وەزارەتی ناوخۆ ڕادەسپێرێت

دوای ئەوەی  بەڕێوەبەرایەتی گشتی ئاسایشی هەولێر بڵاوی کردبووە، کۆمپانیای فۆرێکس و دراوی ئەلیکترۆنی لە هەرێمی کوردستان و عێراق ڕێگەپێدراو نین، ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، لیژنەیەک بۆ داخستنی سەرجەم کۆمپانیاکانی مامەڵە ئەلیکترۆنی (فۆرێکس) و دراوی دیجیتاڵی پێک بهێنن.

یەکشەممە 1ـی حوزەیرانی 2025، ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان، وەزارەتی ناوخۆیی ڕاسپاردووە، لە پێناو بەرژەوەندی گشتی و پاراستنی ماڵ و موڵکی هاووڵاتییان، لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان، لیژنەیەک بۆ داخستنی سەرجەم کۆمپانیاکانی مامەڵە ئەلیکترۆنی (فۆرێکس) و دراوی دیجیتاڵی پێک بهێنن.

ڕۆژی سێشەممە 8ـی نیسانی 2025، بەڕێوەبەرایەتی گشتی ئاسایشی هەولێر بڵاوی کردبووە، کۆمپانیای فۆرێکس و دراوی ئەلیکترۆنی لە هەرێمی کوردستان و عێراق ڕێگەپێدراو نین و مۆڵەتی فەرمیان نییە، دەشڵێت: بەپێی بڕیار و ڕێنماییەکانی بانکی ناوەندی عێراق و وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێمی کوردستان و عێراق ڕێگەپێدراو نین و هیچ یاسا و ڕێنماییەک نییە بۆ ڕێکخستنی ئەم جۆرە چالاکییانە.

بەڕێوەبەرایەتی گشتی ئاسایشی هەولێر ئاماژەشی دابوو، ئەو کۆمپانیایانەی لەژێر ناوی جیا جیا کاری فۆرێکس و کردنەوەی خوولی فێربوونی چۆنیەتی مامەڵەکردن و کڕینی دراوی ئەلیکترۆنی و کانزایی دەکەن، نایاسایین و ڕێگەپێدراو نین.