ئەمەریکا هاوبەشێکی زۆر باشی زانکۆی ئەمەریکی-کوردستانە لە دهۆک
سەرۆکی زانکۆی ئەمەریکا-کوردستان لە دهۆک ڕایگەیاند، خۆشحاڵین بە ئامادەبوونی سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان و سەرۆکی بۆردی ئەمیندارانی زانکۆیەکەمان ئاهەنگی دەرچووانی قوتابییەکانمان دەگێڕین، گوتیشی: وەزارەتی دەرەوە ئەمەریکا لە ساڵانی ڕابردوو هاوبەشێکی زۆر باشی زانکۆیەکەمانە بووە.
یەکشەممە 1ـی حوزەیرانی 2025، ڕانداڵ ڕۆدس، سەرۆکی زانکۆی ئەمەریکی-کوردستان لە دهۆک بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، بە ئامادەبوونی مەسرور بارزانی، سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان ئاهەنگی حەوتەمین خولی دەرچووانی زانکۆییەکەیان دەگێڕن.
هەروەها سەرۆکی زانکۆی ئەمەریکی-کوردستان لە دهۆک لە وتارەکەیدا لە ئاهەنگی دەرچووانی زانکۆ ڕایگەیاند، ئەمساڵ بۆ یەکەم جار یەکەم خولی دەرچووانی کۆلێژی پەرستارییمان دەبێت کە ژمارەیان 23 قوتابییە.گوتیشی: ئامانجمان لە دامەزراندنی ئەو بەشە بۆ نوێگەرییە لە بواری پەرستاری و باشترکردنی تەندروستی ناوچەکە و جیهان.
سەرۆکی زانکۆی باسی لەوەش کرد، وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا هاوبەشێکی زۆر باشی زانکۆکەمانە، کە ساڵی 2020 تاوەکوو ئێستا نزیکەی 18 ملیۆن دۆلاری بە زانکۆکەمانی بەخشیوە، ئەمەش بۆ نوژەنکردنەوەی تاقیگە و بەشەکانی دیکە بووە، بۆ ئەوەی دڵنیابینەوە قوتابییەکانمان باشترین ئامێریان لەبەر دەست بووە.
گوتیشی: وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا سکۆڵەرشیپێکی زۆری بۆ دەرچوانی ئەمشەو دابینکردووە.
لەم خولەدا، 93 قوتابیی هەر چوار کۆلێژی هونەر و زانستەکان، کارسازی، ئەندازیاری، پەرستاری بڕوانامەی دەرچوونیان پێ دەدرێت. لە نێویاندا 18 دەرچوو یەکەمەکانی سەر کۆلێژەکانیانن.
ئەمساڵ، بۆ جاری یەکەم، 23 قوتابی لە کۆلێژی پەرستاریی زانکۆکە دەردەچن و بڕوانامەی بەکالۆریۆسیان پێ دەردرێت. ئەم قوتابییانە، کورسی خوێندنیان بێبەرانبەر لەلایەن مەسرور بارزانی، سەرۆکی دەستەی ئەمیندارانی زانکۆی ئەمەریکی – کوردستان لە دهۆک و وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکاوە دابین کرابوو.