ڕێبەر ئەحمەد: مووچە مافی خەڵکی کوردستانە بۆ بەقەرز وەری بگرین
ڕێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی هەرێمی کوردستان بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند: مووچە مافی خەڵکی کوردستانە، بۆچی بە قەرز وەری بگرن.
یەکشەممە 1ـی حوزەیرانی 2025، لەچوارچێوەی ئاهەنگی زانکۆی ئەمەریکی - کوردستان لە دهۆک، ڕێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی هەرێمی کوردستان بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند: گرنگی و ستراتیژیەتی زانکۆی ئەمەریکی-کوردستان، لەلایەن سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و سەرۆکی بۆردی زانکۆکە، مەسرور بارزانی، چەند جارێک باسکراوە، دەڵێت:" جێگەی ستایش و دەستخۆشی گەرمە، هەر زوو دوای تەواوکردنی خوێندنی لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان مەسرور بارزانی بۆ ئەوەی ئەو دەرفەتەی بۆخۆی ڕەخساوە، بۆ هەموو گەنجانی کوردستان بیڕەخسێنێت بەهەمان کوالێتی و هەمان ئاست، بۆ ئەوەی زانکۆیەک بکرێتەوە لە ئاستێکی نێودەوڵەتیدا بێت، بۆیە زانکۆکەکە گرنگییەکی بێ هاوتای هەیە.
ڕێبەر ئەحمەد ئاماژەی بەوە کرد، بە تێڕوانینی ئەوان، دەرچووانی ئەم زانکۆیە لە ئایندەدا ڕۆڵی کاریگەرییان دەبێت لە ئیدارەکردنی کوردستان و هەموو سێکتەرەکانی ژیان، لە بازرگانی و ئەندازیاری و ئیداری، لەبواری دارایی، کادیری باش پێدەگەیەنرێت کە جێ پەنجەیان دیار دەبێت، گوتی:" ئەو توانایانە لێرە دەردەچن و قسە دەکەن، جیاوازییەکی زۆریان هەیە لەگەڵ شوێنەکانی دیکە.
لەبارەی سەردانی هادی عامری بۆ کوردستان، ڕێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆ گوتی: هیچ شتێکی فەرمی لەو بارەوە نییە، لە ڕاگەیاندن و سۆشیال میدیا زۆر باسی ئەوە دەکرێت، بەڵام تا ئێستا هیچ شتێکی فەرمی نییە.
سەبارەت بە پرسی مووچە و بڕینی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستانیش، ڕێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆ ئاماژەی بەوە کرد، مووچە مافی خەڵکی کوردستانە، نازانم بۆچی بە قەرز وەری بگرین.
ئەمڕۆ، یەکشەممە، 01-06-2025، بە ئامادەبوونی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، ئاهەنگی حەوتەمین خولی دەرچووانی زانکۆی ئەمەریکی – کوردستان لە دهۆک بەڕێوە چوو.
لە ئاهەنگەکەدا، ژمارەیەک کەسایەتی و میوانی ناوخۆیی و بیانی بەشدار بوون.
ئەمە حەوتەمین خولی دەرچووانی زانکۆی ئەمەریکی – کوردستانە لە دهۆک بوو، چونکە لە ساڵی 2020، بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆنا، ئاهەنگەکە نەکرا، دواتر لە ساڵی 2021 هەردوو ئاهەنگەکە یەک خران.
لەم خولەدا، 93 قوتابیی هەر چوار کۆلێژی هونەر و زانستەکان، کارسازی، ئەندازیاری، پەرستاری بڕوانامەی دەرچوونیان پێ بەخشرا، لە نێویاندا 18 دەرچوو یەکەمەکانی سەر کۆلێژەکانیانن.
ئەمساڵ، بۆ جاری یەکەم، 23 قوتابی لە کۆلێژی پەرستاریی زانکۆکە دەرچوون و بڕوانامەی بەکالۆریۆسیان پێ درا، ئەم قوتابییانە، کورسی خوێندنیان بێبەرانبەر لەلایەن مەسرور بارزانی، سەرۆکی دەستەی ئەمیندارانی زانکۆی ئەمەریکی – کوردستان لە دهۆک و وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکاوە دابین کرا.