بەیان سامی: بڕینی مووچەی هاووڵاتییانی هەرێم بە دڵی ئەمەریکا نییە
بەیان سامی عەبدولڕەحمان، ڕاوێژکاری سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ پەیوەندییەکانی دەرەوە ڕایگەیاند:" مەسرور بارزانی، سەرۆک وەزیرانی کوردستان دوو ڕێککەوتنی گەورەی لەبواری وزەدا واژوو کردووە، گوتیشی:"بەرپرسانی ئەمەریکا پێیان سەیرە عێراق دژایەتی ئەو ڕێککەوتنانە دەکات.
یەکشەممە 1ـی ئایاری 2025، بەیان سامی عەبدولڕەحمان، ڕاوێژکاری سەرۆک وەزیرانی کوردستان بۆ پەیوەندییەکانی دەرەوە بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند:"بڕیاری بڕینی مووچەی هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان، بە دڵی ئەمەریکا نییە، چونکە ئەمەریکا پشتیوانیی لە کوردستانێکی بەهێز دەکات و دەخوازێت هەرێمی کوردستان سەقامگیر بێت.
ڕاوێژکارەکەی سەرۆک وەزیرانی کوردستان گوتی:"سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی دیداری زۆر گرنگی لە سەردانی بۆ ئەمەریکا ئەنجامدا و پێشوازییەکی زۆر گەرمیشی لێکرا سەرباری ئەو دوو ڕێککەوتنە گەورەی لەبواری وزەدا لەنێوان هەرێمی کوردستان و دوو کۆمپانیای ئەمەریکادا کرا، دەشڵێت:"ئەمەریکا پێی سەیرە عێراق دژی ئەو گرێبەستانەی هەرێمی کوردستان دەوەستێتەوە، ئەمەریکا دەیەوێت پەیوەندیی نێوان هەولێر و بەغدا باش بێت، لەگەڵ ئەوەی کوردستانێکی بەهێزیشی دەوێت.