ڕۆژنامەنووسێکی ناسراوی عێراقی بۆ حکوومەتی فیدراڵ: برسیکردنی هاووڵاتییانی کورد، هەڵەیەکی گەورەیە
ڕۆژنامەنووسێکی ناسراوی عێراقی، لەسەر بڕین و ڕاگرتنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان هاتە دەنگ و پەیامێکی ڤیدیۆیی ئاراستەی بەرپرسانی حکوومەتی عێراق دەکات و دەڵێت: برسیکردنی برایانی کورد، سیاسەتێکی هەڵەیە و ناکرێت بابەتی مووچە و قووتی هاووڵاتییان تێکەڵ بە پرسە سیاسییەکان بکرێت.
ڕۆژنامەنووس، ماجد سەلیم، لە پەیامێکی ڤیدیۆییدا، پەیامێکی ئاراستەی حکوومەتی فیداڵ و وەزارەتی دارایی عێراق کرد و گوتی: بۆ حکوومەتی فیدراڵی عێراق، سیاسەتی برسیکردنی برایانی کورد، سیاسەتێکی هەڵەیە و تاوانە دەکرێت. ئاماژەی بەوەش کردووە، ئەو سیاسەتەی گیراوەتەبەر، جگە هاووڵاتییان، هیچ کەسێکی دیکە زیانمەند نابێت، ناکرێت ناکۆکییە سیاسییەکانتان کاریگەریی بەسەر هاووڵاتییانەوە هەبێت.
هەر لە پەیامەکەیدا، ڕۆژنامەنووس، ماجد سەلیم، ئەوەشی خستووەتە ڕوو "بڕین و ڕاگرتنی قووتی خەڵك، هەڵەیەکی زۆر گەورەیە، هەم لە ڕوانگەی مرۆیی و بەرپرسیارێتی و هەموو ڕوانگەیەکی دیکەوە زۆر هەڵەیە.. نەخێر، نەخێر بۆ سیاسەتی برسیکردنی خەڵکی کوردستان و هاووڵاتییانی کورد."
ڕۆژنامەنووس ماجد سەلیم، داواکاریشە، هەرچی زووە کۆتایی بەم سیاسەتە هەڵەیە بهێنرێت، چونکە وەکوو خۆی جەختی دەکاتەوە "منداڵان و فەرمانبەران و خانەنشینان هیچ سووچ و تاوانێکیان نییە."
ڕۆژنامەنووسە عێراقییەکە، پێشتر لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کوردستان24 ڕایگەیاندبوو، لەلایەن حکوومەتی فیدراڵەوە نادادپەروەری بەرامبەر گەلی کورد دەکرێت. باسی لەوەش کردبوو، لە کاتێکدا ئاوەدانکردنەوە و بیناسازی لە هەرێمی کوردستان زۆر پێشکەوتووە، پارێزگاکانی ناوەڕاست و باشووری عێراق لە وێرانبووندان و سەرەتاییترین خزمەتگوزارییان نییە.
ماجید سەلیم، باسی لەوەش کردبوو، ڕاستە ناکۆکیی لەنێوان هەردوو حکوومەتی هەرێمی کوردستان و فیدراڵیدا هەیە، بەڵام ئەو ناکۆکییانە نابێت ڕەنگدانەوەیان لەسەر خەڵکی کوردستان هەبێت، فەرمانبەران لە هەرێمی کوردستان مافی خۆیانە لە کاتی خۆیدا مووچەکانیان وەربگرن.
ئەمە لە کاتێکدایە، هەفتەی ڕابردوو، تەیف سامى، وەزارەتى دارایی عێراق، بە نووسراوێکی فەرمی، حکوومەتی هەرێمى کوردستانى ئاگادار کردووەتەوە لەوەى چیدیکە ناتوانێت لە ناردنى پارەی مووچە بەردەوام بێت، بە پاساوى ئەوەى بڕى پشکى دیاریکراوى خۆى لە یاسای بودجە تێپەڕاندووە و ئەوەى بەستووەتەوە بە پابەندبوون بە بڕیارى دادگەى فیدراڵی و یاسای بودجەى گشتى و دەڵێت: "19.2 تریلیۆن دینارى داهاتى نەوتى و نانەوتى رادەست نەکراوە."